چی بكرێت روداوەكانی هاتوچۆ و قوربانیان كەم بكرێتەوە لەكوردستان

كارزان مه‌جید
  2019-01-02     1780

کارزان مه‌جید، نەقیبی هاتوچۆ*

روداوەكانی هاتوچۆ بە هەشتەمین هۆكاری مردن دادەنرێت لەجیهانداو ساڵانەش (1250000) كەس گیان لەدەست دەدەن و نزیكەی ( 50 ) ملیۆن كەسیش بریندار دەبن، لە هەر ( 24 ) چركەیەكیشدا كەسێك بەهۆی روداوی هاتوچۆوە گیان لەدەست دەدات، هاوكات هۆكاری یەکەمیشە بۆ مردنی ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لەنێوان ( 15 بۆ 25) ساڵیدایە. جگە لە زیانە گیانی و مادیەكان، لە %3ی داهاتی نیشتیمانی بۆ روداوەكانی هاتوچۆ خەرج دەكرێت.

له كوردستان كە ژماری دانیشتوانەكەی ( 5 ) ملیۆن كەسە ساڵانە بە هۆی روداوەكانی هاتوچۆ وە نزیكەی ( 1000 ) كەس گیان لەدەست دەدەن و هەزارانیش بریندار دەبن، كەواتە  پێنج ساڵ جارێک مەرگەساتێكی وه‌ك هەڵه‌بجە دوبارەدەبێتەوە. لەكاتێكدا سەرەڕای زیانە گیانیەكان زیانە مادیەكانیش بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت. 

فاكتەرەكانی دروستبونی روداوەكانی هاتوچۆ زۆرن، لەوانە خراپی رێگاوبانەكان، نزمی كوالێتی ئۆتۆمبێل، پابەندنەبونی بەكارهێنەرانی شەقام بە یاسا و رێنمایەكانی هاتوچۆوە، لەلایەكی ترەوە بونی كەموكورتی لە یاسای هاتوچۆی ژمارە ( 86 )ی ساڵی ( 2004 ) كە پرسی هاتوچۆی لە ئامێزگرتوە بە هۆكار دادەنرێت لە بەره‌وپێشفەنەچونی ره وشی هاتوچۆ لە كوردستان، لەگەڵ ئەو پێشكەوتن و گۆرانكاریانەو هاتنی چەندین ئامێری سمارت و تەكنەلۆجیا كە پەیوستە بە پرسی هاتوچۆ، ئەم یاسایە لە ماوەی ( 15 ) ساڵی رابردودا بۆجارێكیش هەموار نەكراوەتەوە لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.

بەپێی یاسای هاتوچۆ ئەو كەسەی سوارەوێك لێبخورێت پێویستە مۆڵەتی هەبێت، شێوازی پێدانی مۆڵەتی شۆفێریش لەگەڵ ئەوەی لە كوردستاندا بە چەندین شێوازی (كۆری و ئەوروپی) لە دەزگاكانی هاتوچۆ پەیرەو دەكرێت، بەڵام دوای ( 27 ) ساڵ لە پێگەیاندنی شۆفێر، لە ئێستادا پێویستە دان بەو راستیەدا بنێین كە نه‌مانتوانیوه شۆفێرێکی کامڵ به‌رهه‌م بهێنین که له دوای به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی شۆفێری زۆرترین کات پابه‌ند بێت به ڕێنماییه‌کانی هاتوچۆ، سەلمێنەری ئەم راستیەش بونی زۆری ژمارەی سەرپێچیەكان و قوربانیانی هاتوچۆیە، بە جۆرێك لە ساڵی 2017ە ( 1500000) سەرپێچی تۆمار كراوە لە كاتێكدا نزیكەی (1500000 ) ئۆتۆمبێل هەن .

لە دروستبونی یەكەم كابینەی حكومەتی خۆماڵی تا ئێستا هیچ پلانێكی دورمەودا نەبو لە بۆ كەم كردنەوەی روداوەكانی هاتوچۆ، هەربۆیە دەبینین كە بەردەوام روداوەكان و قوربانیانی هاتوچۆ رولە هەڵكشانە. بەڕێوەبەرایەتیەكانی هاتوچۆ وەك دەزگایەك لە چوارچێوەی دەسەلاتی جێبەجێكردن، دەسەلاتەكانیان لە نێو یاساكە سنوردارە و توانای گۆرانكاریان نیە لە چارەسەركردنی هه مو كەموكورتیه کان كه هەنه لە پرسی هاتوچۆ، تۆری ڕێگابانەكانیش پەیوەستە بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و بەرێوەبەرایەتیەكانی سەربە ئەو وەزارەتە.

پلانی سفر چ گۆرانكاریەكی لە رەوشی هاتوچۆ لە سوید هێنایه ئاراوه؟ 

كاتێك سەیری ئەزمونی بەشیك لە ولاتانی جیهان دەكەین كە ئێستا لەپێشن لە بواری هاتوچۆ بێشك ئەوانیش بەم رەوشی ئێستای كوردستاندا تێپەریون و سەرجەمیان بە پلانی دورمەودا توانیویانە قوربانیانی هاتوچۆ كەم بكەنەوە و ڕەوشی هاتوچۆ بەروپێش بەرن ، بە نمونە ، لە ولاتی سوید كە ژمارەی دانیشتوانی ( 10 ) ملیۆن كەسە ، لە سالی ( 1998 ) پلانی سفریان راگەیاند بۆ ماوەی ( 20 ) سال ، له پێناوی بنبڕ کردنی قوربانیانی هاتوچۆ، که لەوكاتەدا سالانە لەو ولاتە بە هۆی روداوەكانی هاتوچۆ وە ( 600 بۆ 700 ) كەس گیانی لەدەست دەدا و ( 30 ) هەزار كەسیش بریندار دەبون ،بەلام ئێستا دوای ( 20 ) ساڵ لە جیبەجێكردنی پلانی سفر، هه رچه ند نه یانتوانی قوربانیانی هاتوچۆ بنبڕ بکه ن،  له ئێستادا ساڵانه لەو ولاتە گیان لە دەست دان به هۆی ڕوداوه کانی هاتوچۆوه كەمی كردوە بۆ ( 250 ) كەس و برنداربونیش بۆ ( 7 بۆ 10 ) هەزار. پلانی سفریش كە بیرۆكەی كارمەندێكی دەزگای رێگاوبان بو بە ناوی ( كلایس تینگفاڵ - claes tingvall ) كە خۆی لە چاكسازی لە تۆری رێگابانەكان ، دروست كردنی ڕێگا دو ئاراستە و بەرزە پرد و بەربەستی ئاسنین لە نێوان ڕێگاكان ، دانانی كامێرای چاودێری ،دروست كردنی فولكە لە چوار ڕێیانەكان ، هەڵمەتی هۆشیاری نیشتیمانی ، بە كەلتوری كردنی رێنمایەكانی هاتوچۆ لە ناخی هەموانمدا دەبینیەوە . 

كەواتە ...

لە ئێستادا كاتی ئەوە نەهاتوە، ئێمەش پلانی دورمەودا بۆ كەمكردنوەی قوربانیانی هاتوچۆ دابنین لە كوردستان؟ چی بكه ین روداوەكانی هاتوچۆ و قوربانیان كەم بكرێتەوە لە كوردستان؟

له‌م خاڵانه‌دا به‌کورتی باسیان ده‌كه‌م: 

1- هەمواركردنەوەی یاسای هاتوچۆی ژمارە 86ی سالی 2004 ، به جۆرێک که له گه ڵ ڕه‌وشی هاتوچۆی کوردستاندا بگونجێت. 

2- هەلوەشانەوەی شیوازی پێدانی مۆڵەتی شۆفێری ( سویدی و دانیماركی و كۆری ) كە ئیستا پەیرەو دەكرێت و دانانی شێوازێكی كوردی، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی ولاتان بە جۆرێك له دوای راهێنانە تیۆری و پراكتیكەكان و تاقیكردنەوەكان ئەو كەسه ی دەبێتە خاوەنی بروانامەی زانستی هاتوچۆی ئاشنا بێت به سەرجەم زانیاریە هاتوچۆیەكان و شۆفیرێكی كامل بێت ،نەك ئەو مۆلەتی شۆفێرییەی ئێستا هەیە بەو زانیاریە كرچ و كاڵە كە قەتیس بوە لە خودی شۆفێردا.

3- تۆری رێگابانەكان بە كەرتی تایبەت بدرێت، لابردنی پێچكردنەوەكان لە رێگاوبانەكانی دەرەوە و دروسست كردنی بەرزە پرد و ژێر پرد ودانانی بەربەستی ئاسنین لە نیوان شەقامە دو ئاراستەكاندا ...هتد . 

4- گرنگی دان بە بەكارهێنانی پاسكیل و دروست كردنی رێرەوی تایبەت لەسەر شەقامەكان لەنێو سەنتەری شارەكان .

5- دانانی كامێرای چاودێری جێگیر و گەرۆك لەسەر شەقامەكان و دیاری كردنی خێرای بەپێی جۆری سوارەوەكان، نەك ئەوەی كە ئیستا هەیە سەرجەم سواررەوەكان 100كم لە كاتژمێرێكدا. 

6- دانانی مەفرەزە ی جیگیر و گەرۆك لەسەر شەقامەكان بەتایبەتی ریگاوبانەكانی دەرەوەی شار .

7- رێنماییە هاتوچۆییەكان لە پڕۆگرامەكانی خوێندندا وەك وانەیەك بخوێنرێت .

8- ساڵانە بودجه ی تایبه‌ت ته‌رخان بکرێت بۆ جێبەجێكردنی پلانی دورمه‌ودای که‌مكردنه‌وەی روداو و قوربانیانی هاتوچۆ .


*وته‌بێژی هاتوچۆی گه‌رمیان


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×