لەبارەی دانوستانەکانەوە

د. دەرباز محەمەد
  2020-03-03     521

لێدوان و قسەی زۆر کرا لەبارەی دانوستان وپێکھێنانی حکومەتەوە. بەندە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی روداو، ھەروەھا لەگەل سایتی سبەی، بەشی زۆری ھەڵوێست و چۆنێتی گفتوگۆکانم باسکرد، بەڵام وا دیارە ھەندێ راستی بەلاڕێدا براوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم چەند راستیەک وەکو خۆی بۆ مێژو باس بکەم:


یەکەم: لەنێو وەفدەکەی کوردستان جیاوازی لە دەربڕین ھەبو، بەڵام راوێژ و گفتوگۆ لەنێو خۆمان بەردەوام بو، ھەڵوێستیش ھەمیشە یەک بو.


دوەم: کەمترین باسی ژمارە و چۆنێتی وەزیرەکان بو، بەڵکو گرفتمان ئەوە بو کەس خۆی نەدەکرد بە ساحێب لە پێکھێنانی حکومەت، ئەوەی سەرسەختانە بەرگری لە عەلاوی دەکرد سەدر بو، سەدریش دواجار ھەموانی جوێن باران کرد و ھیچی تیا نەھێشتەوە.


سێیەم: عەلاوی بە رونی وتی؛ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سێ وەزارەت بۆ کوردە، واتە لە سێ وەزیرەوە دەبن بە چوار، ھەر بۆ خۆشتان کاندید بێنن و من یەک کەس دانانێم و ھەر ناوێک دێنن، گرنگ ئێوە پێی رازیبن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵدا بێ ھیچ ناوێک نەنێردرا بۆ ئەوەی ببێ بەوەزیر.


چوارەم: ئەوەی نەیھێشت حکومەت پێکبێت، خودی شیعە بو، لەبەر جیاوازی خۆیان لەسەر ھەڵسوکەوت و بیرکردنەوەکانی عەلاوی و پشتیوانی سەدر و چۆنێتی ناوە پێشنیازکراوەکان بۆ کابینەکەی. بە بەڵگەی لەکۆی ١٨٧ ئەندامی شیعە، تەنھا ٩٤ ئەندامیان ئامادەی دانیشتنەکە بون، لەکاتێکدا تەنھا ١٦٥ ئەندام بەسە بۆ بەستنی دانیشتن و متمانەدان بە کابینەکە.
کورد و سونەش مافی خۆیانە ھاوشێوەی نیوەی شیعە کابینەیەک رەتبکەنەوە، کە ناکۆکی زۆری لەسەرە.


پێنجەم: وەفدی کوردستان ھەر لەیەکەم رۆژەوە و لای ھەمو لایەنەکان دوپاتمان دەکردەوە، کە ئێمە پشتیوانین بۆ پرۆسەکە و رێگر نین و نابین، دەمانەوێ سەقامگیرێ بێتە کایەوە، تێگەیشتوین لە ھەستیاری قۆناغەکە و رەچاوی بارودۆخەکە دەکەین. لەھەمان کاتدا مەلەفە گرنگەکانی کوردستان، بەتایبەت بودجەی ھەرێم، بارودۆخی کەرکوک و ناوچەکانی دیکە، مەلەفی ئەمنی، ھەموی بەوردی باس کرا، بەڵام تەنھا بۆ مەلەفی بودجە بەرچاو رونی ھەبو، مەلەفەکانی دیکە نە زانیاری ھەبو نە روئیای ھەبو بۆ چارەسەر نە بەلێنێکی کۆنکریتیشی دا، تەنھا ئەوە نەبێ کە ھاوکاربن با چارەسەری ئەو کێشانە بکەین.


شەشەم: خودی بەرێز عەلاوی باش ئیدارەی گفتوگۆکانی نەدا، سەلیقە و کاریزمای وەک پێویست نەبو بۆ ئەو کارە، تیمێکی سیاسی لەگەڵ نەبو راوێژ و کارئاسانی بۆ بکا. پشتی بەھەندێک کەس بەست کەدواجار بەجێیان ھێشت، قورسیی ئەرکەکەی باش نەخوێندبوەوە.


بەڵێ عەلاوی وەکو کەسێتی خۆی کێشە نەبو بۆ کورد، بەڵام گرنگترین کێشەی ئێمە و ترسی زۆرمان ئەوە بو کە خاوەنی قورسایی و بڕیار نابێ و دەکەوێتە ژێر کاریگەری چەند کەس و لایەنێک، کە زامن ناکرێن بۆ ئەوەی دژی کورد نەبن. دواجار ئەوە خودی عەلاوی بو کە نەیتوانی زۆرینەی شیعە مسۆگەر بکا، ھەر بۆیە کورد و سونەشی مسۆگەر نەکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×