لەبەریتانیا یادی کاوە گەرمیانی بەرز ڕادەگیرێت
  2023-12-03       735       

ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٥/۱۲/٢٠٢٣، ڕێکخراوی ۱۷ی شوبات بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هەریەک لە شارەکانی (لەندەن، گڵاسگۆ، بێرمینگهام و نیوکاسڵ) خۆپیشاندانێک سازدەکات بۆ ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهیدی قەڵەم، کاوە گەرمیانی.

ئاوێنە: لەژێر ناونیشانی (بەڕێگەتدا ڕێ دەگرین)، یادەکە لە کاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆ لە شارەکانی بەریتانیا بە ئامادەبوونی کوردانی دانیشتووی بەریتانیا دەستپێدەکات. تیایدا وتاری بنەماڵەی شەهید کاوە، وتاری ڕێکخراو بە هەردوو زمانی کوردی و ئینگلیزی، کورتەیەک لە ژیانی کاوە گەرمیانی و چەندان چالاکیی تر، لەگەڵ داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵی ڕێز و وەفا لەسەر وێنەی شەهید، یادەکە بەرز ڕادەگیرێت.

لە یادەکەدا شەرمەزاری ئەو کردە تیرۆریستییە دەکرێت کە لەلایەن بکوژانی دەنگی ئازادەوە پێی هەستان و ڕووی تاریکخوازی خۆیان بۆ هەموو دنیا بەیانکرد.

ئەنوەر عومەر مەحموود، ڕێکخەری خۆپیشاندانەکە لە هەرێمی سکۆتلەندا بە "ئاوێنە"ی ڕاگەیاند؛ لەژێر ناونیشانی (بەڕێگەتدا ڕێ دەگرین)، ئەمساڵ بەشێوەیەکی جیاواز کە شایانی ژیانی پڕ لە قوربانیدانی کاوە گەرمیانی بێت؛ یادی ئەو شەهیدە بەرز ڕادەگرین.

کاوە ڕۆژنامەنووسێکی ئازا و ئازاد بوو، وشەی "نا"ـی بەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکارییدا بەرزکردەوە. نا-ی کاوە بوو بە مۆتەکەی گیانی گەندەڵکاران، بۆیە هەرزوو ویستیان ئەو دەنگە ئازادە کپ بکەن. سەرەتا بە هەڕەشەکردن، دواتر بە ئەشکەنجە و لێدان؛ ئەم دەنگە کپ نەکرا. بۆیە لە شەوێکی ساردی گەرمیاندا و لەنێو باوەشی گەرمی دایکیدا، لەلایەن چەند چەکدارێکەوە، تیرۆر کرا.

هاوشان لەگەڵ یادی کاوە گەرمیانیدا؛ یادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس "شوکری ڕێکانی" کە لە ۱/۱۲/۲۰۱٦ تیرۆرکرا، بەرز ڕادەگیرێت. هەروەها خۆڕاگری زیندانیانی بادینان دەنرخێنرێت و، داوای ئازادبوونیان یەکێکی تر دەبێت لە بەرنامەی یادەکە.

ناونیشانی شارەکان:

سکۆتلەندا، شاری گڵاسگۆ:
Glasgow, Buchanan Steps, G1 2NG
لەندەن:
2 Hobart Pl, London, SW1W OHU
بێرمینگهام:
Birmingham, B1 2ND
نیوکاسڵ:
Newcastle, NE1 7PF

کاتی خۆپیشاندان لە هەر چوار شارەکەدا:
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ٥/١٢/٢٠٢٣، کاتژمێر یەک

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×