دەیڤد کامیرۆن: ئامادەنین سوپای پاسداران بخەینە لیستی تیرۆرەوە
  2024-05-01       149       

لە پاڵ ئەو هەوڵە نێودەوڵەتییەی هەیە بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەختی لەوە کردەوە پاراستنی پەیوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئێران پێویستە و دەڵێت:" بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لە بەرژەوەندی بەریتانیان نیە."

لە کاتێکدا بەتایبەت لە دوای هێرشی مووشەکی راستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، داواکارییەکان لە بەریتانیا، یەکێتی ئەوروپا و کەنەدا بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران زیادی کردووە، دەیڤد کامیرۆن بەڕاشکاوی ڕەتیکردەوە پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

کامیرۆن وتوویەتی:" هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ فشارخستنەسەر ئێران دەیکەین تاوەکو دڵنیابینەوە لەوەی کاری نایاسایی ناکات، ئێمە لای خۆمانەوە بۆ ئەو مەبەستە گەمارۆکانمان لەسەریان زیاد کردووە."

ئاماژەی بەوەش کرد، کە خستنە لیستی تیرۆرەوە کارێکی پێویست نیە :" بەڵام ئێمە سوپای پاسدارانمان بەتەواوەتی سزا و گەمارۆ داوە."

ناوبراو روونتر لەبارەی هەڵوێستەکەی بەریتانیا دوا و وتی :" ئەگەر ئێمە ئەو کارە بکەین، ئەوا کۆتایی بە پەیوەندی دیپلۆماتیکی نێوانمان دێت، لە کاتێکدا ئەم پەیوەندییە لە ئێستاشدا لە ئاستێکی زۆر نزمدایە."

باسی لەوەش کرد:" ئەگەر بمەوێت داوایان لێبکەم گرژییەکان راگرێت، ئەوا دەمەوێت خۆم راستەوخۆ پەیامیان پێبگەیەنم، نامەوێت لە رێگەی ناڕاستەوخۆوە ئەو کارە بکەم."

لە ماوەی رابردوودا، ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا لە نامەیەکدا بۆ ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، هۆشدارییان دابوو کە سوپای پاسداران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ بەریتانیا و، داوایان لێکردبوو بخرێتە لیستی تیرۆرەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×