ئیمارات دژ بەحوسییەکانی یەمەن ھاوکاری ئیسرائیل دەکات
  2023-12-06       349       

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرایکردوە، ڕێککەوتنێک لەنێوان ئیسرائیل‌و ئیمارات واژۆکراوە بۆ دامەزراندنی پردێکی وشکانیی لەنێوان بەندەرەکانی حەیفاو دوبەی "بەمەبەستی تێپەڕاندنی هەڕەشەی حوسییەکان لەسەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان".

ڕۆژنامەی مەعاریف بڵاویكردۆته‌وه‌، "لەبەر ڕۆشنایی هێرشی بەردەوامی حوسیەکانی یەمەن بۆسەر کەشتییە ئیسرائیلییەکان لەدەریای عەرەب‌و سەریای سور، ڕێککەوتنێک واژۆکراوە کە بەگوێره‌ى ئەو ڕێککەوتنە پردێکی وشکانیی لەنێوان بەندەری دوبەی‌و بەندەری حەیفادا دروستدەکرێت”.

ئاماژەی بەوەشکردوە، پردە وشکانییە پلان بۆ داڕێژراوەکە، "ئامانجی زاڵبونە بەسەر هەڕەشەی حوسییەکان لەیەمەن بەبڕینی هێڵی کەشتیوانیی لەڕێگه‌ی ئیسرائیلدا"، هەرچەندە تائێستا بەفەرمیی ئیسرائیل‌و ئیمارات هیچ لێدوانێکیان لەسەر ڕاپۆرتەکە نەداوە.

مانگی ڕابردوو کەشتیی ئیسرائیلی "گالاکسی ڕەیدەر" لەدەریای سور لەلایەن چەکدارانی گروپی حوسییەکانی یەمەن"ئەنسار الله" ڕفێندراو دواتر 3 کەشتیی بەموشەک‌و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیانکرایەسەر.

بەوهۆیەوە، کۆمپانیای کەشتیوانیی ئیسرائیلی "زیم" بڕیاریدا ڕێڕەوی کەشتیوانیی خۆی بەرەو ئاسیاو لەئاسیاوە بەرەو وڵاتەکە بگۆڕێت، ئەویش بەسوڕاندنی ئاراستەی کەشتییەکانی بەدەوری ئەفریقادا، بۆ ئەوەی لەهێرشی حوسییەکانی یەمەن دوربکەوێتەوە.

ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە باسی لەوەکردوە، ئەو بڕیارە مانای وایە ڕێڕەوی کەشتیوانیی کەشتییە ئیسرائیلییەکان بۆماوەی 30 بۆ 50 رۆژ درێژدەبێتەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بەرهەمە ئیسرائیلییەکان‌و کاتی ڕادەستکردنیان دەبێت، بەوهۆیەشەوە زیانێکی ڕاستەوخۆ بەر ئابوریی ئیسرائیل دەکەوێت.

حوسییەکانی یەمەن پێشتر ڕایانگەیاندبوو، تائەوکاتەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەززە کۆتایی دێت، بەردەوامدەبن لەکردنە ئامانجی کەشتییە ئیسرائیلییەکان یان ئەو کەشتیانەی کە لەکۆمپانیاکانی سەر بەئیسرائیل بەکرێگیراون لەدەریای سورو گەروی باب ئەلمەندەب.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×