تەوقەیەک بەیادی ١٧ی شوبات‌و سەرای ئازادی
  2023-12-06       2099       

ئا: ئاوێنە

 

فاروق رەفیق‌‌و هیوا ئەحمەد، دو کاراکتەری سەرەکی‌و سمبولی هەرە دیارو ناکۆک‌و دژ بەیەکی روداوەکانی ١٧ی شوبات‌و سەرای ئازادی سلێمانی بون، تەوقەیەکی راگوزەری ئەم دوانە لەهەولێر هەرای نایەوە.

 

د.فاروق رەفیق، یه‌كێك بو له‌و کەسانەی لەرۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١ەوە، رۆڵی کارای لەجۆشدانی خۆپیشاندانەکاندا بینی‌و بو بەسمبولی سەرای ئازادی‌. رۆژانە هه‌ر كه‌ فاروق له‌سه‌كۆی سەرای ئازادییەوە ده‌رده‌كه‌وت، ئیتر گه‌رم‌و گوڕییه‌ك ده‌كه‌وته‌ نێو حه‌شامه‌تی‌ خۆپیشانده‌رانه‌وه‌و دەنگی چەپڵه‌و هوتاف كێشانی‌ "فاروق.. فاروق.." بۆ چه‌ند ساتێك سه‌رای پڕ ده‌كردو ئەویش په‌یتا په‌یتا باسی‌ دوو دوژمنه‌ ئه‌به‌دییه‌كه‌ی بۆ ئاپۆرای خۆپیشاندەران دەکرد: "ئازادی‌‌و سته‌مكاریی‌".

فاروق کە بڕوانامەی دکتۆرای لەفەلسەفەدا لەیەکێک لەزانکۆکانی کەنەدا بەدەستهێناوە، لەو رۆژگارەدا زۆربەی کات بەرەی ده‌سه‌ڵاتی بەوە تۆمەتبار ده‌كرد کە "به‌رده‌وام خه‌ریكی‌ كڕینی‌ خه‌ڵكه‌، بەتایبەتی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی‌ ویژدانیان هه‌رزان فرۆش ده‌كه‌ن".

سەبارەت بەداواکاریی خۆپیشاندەرانیش، فاروق دەیوت "ئێمه‌ داوایه‌كی‌ زۆر ره‌واو هه‌نوكه‌یمان هه‌یه‌: دەبێت کەسانێک راپێچی‌ دادگا بكرێن، چونكه‌ خوێنی‌ خه‌ڵكیان رشتووه‌‌و یاسا‌و مافی‌ هاونیشتمانیانیان پێشێل كردووه‌، تا هاونیشتمانانی‌ ئه‌م وڵاته‌ ئیتر دڵنیا بن له‌وه‌ی‌ لەوڵاتێكدا ده‌ژین كه‌ رێزی‌ ژیانی‌ مرۆڤی‌ تیا دەگیرێت".

 

هەرای تەوقە کردنەکە لێرەوە دەستپێدەکات، چونکە هیوا ئەحمەد، کە فاروق رەفیق لەفستیڤاڵی رامان تەوقەی لەگەڵ کردو دەستی خستە نێو دەستییەوە، یەکێک بو لەو تۆمەتبارانەی لەسەر کوشتنی گەنجێک‌و بریندار کردنی دەیان هاوڵاتی لەبەردەم لقی چواردا لە١٧ی شوباتدا، فەرمانی راپێچ کردنی بۆ دادگاو دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای سلێمانییەوە بۆ دەرکراو جێبەجێش نەکرا.

 

هیوا ئەحمەد، کە ئێستا ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی‌ دیموکراتی کوردستان‌و هاوکات بەرپرسی رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتییە، رۆژی پێنج شەممەی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، بەرپرسی لقی چواری پارتی بو، کاتێک هاوڵاتیانی سلێمانی وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەدەسەڵاتی یەکێتی‌و پارتی رژانە سەر شەقامەکان‌و لەکاتی چونیان بەرەو سەهۆڵەکە، لەبەردەم لقی چواری پارتیدا گرژ‌و ئاڵۆزیی سەریهەڵداو پاسەوانەکانی لقی چوار بەفیشەک وەڵامی هوتاف کێشان‌و بەردهاویشتنی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو ئەمەش بوە هۆی گیان لەدەستدانی گەنجێك بەناوی "رێژوان"و بریندار بونی دەیان هاوڵاتی دیکەش کە دیارترینیان "سورکێوو شێرزاد" بون.

هیوا ئەحمەد، پاساوی بۆ تەقەی پاسەوانەکانی لقی چوار ئەوە بو، "خۆپیشاندەران لقی چوار ئامانجیان بوەو به‌نیازی گرتن‌و كوشتنی كادێرانی لقی چواری پارتی بون‌و کە گەیشتونەتە بەردەم لقی چوار، بەردباران دە‌ستیپێكردوەو دۆخەکە لەکۆنترۆڵ دەرچوەو ته‌قه ‌دەستیپێكردوەو ئیتر نه‌مانتوانیوە به‌كه‌س بڵێین تە‌قه‌ مە‌كە‌ن".

هیوا ئەحمەد ئەوکات‌و ئێستاش ئەوەی رەتکردوەتەوە کە بەفەرمانی ئەو پاسەوانەکانی لقی چوار تەقەیان لەخۆپیشاندەران کرد بێت‌، بەلام تا ئێستاش ئامادە نەبوە به‌هۆكاری ئه‌و روداوه‌ بچێتە بەردەم دادگا، کە فەرمانی لێکۆڵینەوەو دەستگیر کردنی بۆ دەرچوە.

هیوا ئەحمەد، لەدوای ئەو روداوەی بەردەم لقی چوار لە١٧ شوبات، رایگەیاند کە ئەو گەنجانەی بە"گوڕو تینەوە لقی چواریان بەردباران کرد کەوتبونە‌ ژێر کاریگەریی كۆمه‌ڵێك رۆژنامه‌نوس‌و فه‌یله‌سوف"! کە مەبەستی لەفەیلەسوفەکە فاروق رەفیق بو.

ئیتر بەدریژایی دو مانگی خۆپیشاندانی سەرای ئازادی، فاروق رەفیق پەنجەی رادەوەشاندو پێداگری لەسەر راپێچی‌ کردنی ئەو تۆمەتبارانە بۆ دادگا دەکرد کە خوێنی‌ خه‌ڵكیان رشتووه‌‌و یاسا‌و مافی‌ هاونیشتمانیانیان پێشێل كردووه‌.

هیوا ئەحمەدیش وەک بەرپرسی لقی چوار، پەنجەی هەڕەشەی لەسەرای ئازادی‌و وتاردەرو پێشڕەوەکانی بەرزدەکردەوەو بە"ئاژاوەگێڕو ئاژاوەچی" ناویدەبردن‌و سور بو لەسەر سزادانیان.

 

سەرەنجام دوای دوانزە ساڵ، پەنجە بەرزکردنەوەی ئەم "فەیلەسوفە ئاژاوەگێڕ"و ئەو "تۆمەتبارە بەپێشێلکردنی مافی هاونیشتیمانیان" لەیەکتر، بەتەوقەیەک کۆتایی هات، تەوقەیەک کە روداوەکانی ١٧ی شوبات‌و سەرای ئازادییان لەیادەوەری خەڵکیدا زیندو کردەوەو لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەرای نایەوە.

 

زۆرێک لەسەر ئەم تەوقەیە رەخنەی توندیان لە"فاروق رەفیق" گرت، بەو پێیەی ئەو لەوتاردەرو پێشڕەوە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات بو، "لەڤیستیڤاڵی ڕامان بەدیداری تۆمەتباری سەرەکی قوربانیەکانی خۆپیشاندانەکان شادبوەو تەوقەی لەگەڵ کردوە"، ئەم کارەشیان بە"سەرلێشێواوی‌و ناکۆکی لەھەڵوێست‌و کردار"ی ئەودا ناو برد. لەدیدی رەخنەگرانەوە فاروق رەفیق کە پێشتر قسەی بۆ ئاپۆرای خەڵکی دەکرد لەگۆڕەپانی ئازادی، ئێستا بەشداری لەفیستیڤاڵێکی داخراودا دەکات کە بەرپرسەکانی پارتی وەک هیوا ئەحمەد سازیان کردوەو ئەگەر ئەم تەوقەیەشی تێنەکەوتایە کەس ناوی فیستیڤالەکەشی نەدەهێنا. تەنانەت کار گەیشت بەوەی بەشێک لەئەنتی پارتییەکان ئەم تەوقە کردنەی فاروق‌و هیوایان وەک تەوقەکردنی فەلەستینیەک لەگەڵ ژەنراڵێكی ئیسرائیلی وێنا بکەن، کە لەدیدی ئەوانەوە هەر جۆرە ئاسایی بونەوەیەکی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەم بەرپرسەی پارتی دەچێتە خانەی "خیانەت‌و تاوان"ەوە.

لەبەرامبەریشدا، بەبۆچونی بەشێک لەهاوڵاتیان کەداکۆکییان لەفاروق رەفیق کرد، "گەر بەتەوقەکردن، کەسانێک حوکمی تەرەفدارییان بۆ لایەنێک بەسەردا بسەپێنرێت، ئەوا سەرکردەیەکی کورد نامێنێتەوە پیاوی دوژمنانی کورد نەبێت"و ناکرێت لەسەر تەوقەکردنێک بەرۆکی بیرمەندێکی وەک فاروق ڕەفیق بگیرێت‌و ناڕەواو بێویژدانانە حوکمی پێشوەختەی بەسەردا بسەپێنرێت‌و هەمو جوانیەکانی رابردوی بسڕێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە فاروق رەفیق بەهەموو تەمەنی دێڕێکی ستایشی لەسەر هیچ حزبێک نەنوسیوەو ئەوانەی رەخنەی لێدەگرن خۆیان حیزب‌و دەزگای نهێنی نەماوە کاری تیادا نەکەن‌و خۆیانی تیادا تاقی نەکەنەوە لەپێناو بەرژەوەندی‌و دەسکەوت‌و پارەو ئیمتیازو موچەی خەیاڵی خۆیان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×