ترەمپ لە کاندیدبوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دوورخرایەوە
  2023-12-20       487       

دادگای باڵای ویلایەتی کۆلۆرادۆ بڕیاریدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەهۆی تێوەگلانی لە کردەوەی ئاژەوەگێڕیدا، بۆی نییە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوودا خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید بکات.

ئەمڕۆ دادگای باڵای ویلایەتی کۆلۆرادۆ ڕایگەیاند، بەهۆی تێوەگلانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کردەوە ئاژاوەگێڕییەکانی نێو کۆنگرێس لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕوویاندا، ناتوانێت ساڵی داهاتوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەو ویلایەتەدا خۆی کاندید بکات و ناوی لە لیستی پاڵێوراوەکاندا بێت.

دادگاکە لە بڕیارەکەیدا، کە بە ئەنجامی چوار بەڵێ و سێ نەخێر نووسیویەتی، “زۆرینەی دادگا پێیان وایە، کە ترەمپ بەپێی بەشی ٣ـی هەمواری ١٤ شایستەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی نییە، چونکە لە کۆمەڵێک کردەوەی ئاژاوەگێڕیی تێوەگلاوە کە ڕۆژی ٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە نێو باڵەخانەی کۆنگرێسدا ڕوویاندا، ئەوەش پێشێلی دەستوورە”.

ئەمە یەکەم جارە، کە بەشی سێیەمی هەمواری ١٤ـی دەستووری ئەمریکا بۆ بێبەشکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەکاربهێنرێت.

بەڵام دادگای باڵای کۆلۆرادۆ تا ڕۆژی ٤ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، واتە تا بڕیاردانی دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر دۆسییەکەی دۆناڵد ترەمپ، جێبەجێکردنی بڕیارەکەی ڕاگرتووە.

بڕیارەکەی دادگای باڵای ویلایەتەکە تەنها کۆلۆرادۆ دەگرێتەوە، بەرپرسانی ویلایەتی کۆلۆرادۆ ئاماژەیان بەوە کردووە، دادگای باڵا پێویستە تا ڕۆژی ٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ کەیسەکە یەکلا بکاتەوە، چونکە ئەوە دوا وادەیە بۆ چاپکردنی کارتی دەنگدانی بەرایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کۆلۆرادۆ.

دۆناڵد ترەمپ ٤٥مین سەرۆکی ئەمریکا بوو لەسەر پشکی کۆمارییەکان، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا  لە خولی دووەمی بەشداریكردنی لە هەڵبژاردن شكستی خوارد و نەیتوانی لە جۆ بایدنی دیموکراتەکان بباتەوە.

لە ئیستادا دۆناڵد ترەمپ بەوە تۆمەتبار كراوە هانی خەڵكی داوە ڕۆژی ٦ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١، هێرش بكەنە سەر كۆنگرێس، كە بەهۆیەوە پێنج كەس گیانیان لەدەست دا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×