دادگای فیدراڵی دەربارەی دوو سکاڵای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
  2023-12-24       357       

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی دەربارەی دوو دۆسیەی تایبەت بە مووچە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە و ژمارەیەك مامۆستاش لە دانیشتنەکە ئامادە دەبن.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، ئەمڕۆ یەکشەممە، یەکەم دانیشتنی دادگا دەربارەی سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە و داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و گێڕانەوەی مافەکانیان.

ھەمان ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.

سکاڵاکارەکان، داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێ بکات بەتایبەت ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩) و بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.

شەوی ڕابردووش ژمارەیەك مامۆستا وێنەی خۆیان لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، لەدانیشتنی دووەمی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەبین بۆ مەبەستی دەستپیکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.

بڕیاربوو ڕۆژی ٢٦یمانگی ڕابردوو دادگا بڕیار لەسەر ئەم سکاڵایە بدات، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دواخرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×