كۆمسیۆنی عێراق سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقی راگەیاند
  2023-12-27       332       

بەرپرسێكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەڵێت، كارەكانی جیاكردنەوەی دەنگی سندووقەكان كۆتایی هاتووە، ئێستە داتاكان داخل دەكرێن و چەند ڕۆژی تر ئەنجامی كۆتایی بڵاو دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممه‌ 27ـی كانوونی یەكەم، ئەحمەد ئەلعوبەیدی ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمسیۆن ڕای گەیاند، بۆ جیاكردنەوەی دەنگەكان بەدەستی، كاركردن بەسەر 15 ناوچەی هەڵبژاردندا دابەش كرابوو، كۆتایی هات.

باسی لەوەش كرد، لە ئەنجامی پێداچوونەوە بۆ دەنگی ئەلیكترۆنی و دەستی بۆ 2038 وێستگەی دەنگدان، دەركەوت و ڕێژەی یەكسانبوونی نێوان ئەنجامە ئەلیكترۆنی و دەستییەكان 100% وەك یەكە.

وتیشی، بۆ بڵاوكردنەوەی ئەنجامی كۆتایی، ئێستە داتاكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لە سەنتەری نیشتمانی كۆمسیۆن لە بەغدا داخل دەكرێن، لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا دابەشكردنی كورسی و براوەكان و دەنگەكان تەواو دەبێت، كۆمسیۆنیش دوای ئەوە ئەنجامی كۆتایی ڕادەگەیەنێت.

لەبارەی چارەنووسی سكاڵاكان زانیاریی دا و وتی، 454 سكاڵایان پێگەیشتووە كە 76 سكاڵایان سەوز بوون و 387 سكاڵایان زەرد بوون، هەروەها ئەوەی جێی دڵخۆشییە هیچ سكاڵایەك بەرەو سوور نەبووە كە سەرجەم دەنگەكانی دەسووتاند.

ئەو بەرپرسەی كۆمسیۆن قسەی هەیە لەسەر پرۆسەی ئەمجارە كە كامێرای چاودێری ڕۆڵی هەبوو دەڵێت، بەهۆی ئەو ئەزموونەی كە كۆمسیۆن لە ئەزموونەكانی پێشووی وەریگرت بۆ ئەم هەڵبژاردنە، سەركەوتنێكی گەورەی بەدەست هێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×