هاوسەری ئەو پزیشکە کوردەی ڕەگەزی خۆی گۆڕی، چیرۆكی رەگەزگۆڕینی مێردەكەی دەگێڕێتەوە
  2023-12-27       2371       

ئا: ئاوێنە

 

هاوسەری د. زمناکۆ ئەو پزیشکە دەرونییەی كە رەگەزی خۆی لە نێرەوە بۆ مێ گۆڕی دەڵێت،زمناكۆ دوای شۆكی مردنی هاوڕێیەكی گۆڕا. دەشڵێت: من هیوام هەبو ئەو گۆڕانە وردانەی زمناکۆ دەیکرد کاتی بن و رۆژەک بێت بێتەوە هۆش خۆی، هەر بەو هیوایەی دەژیام ماوەی پێنج ساڵ. هەتا مانگی 12ی 2017 کە وتاری "ژنێک لە مندا"ی بڵاوکردەوە، ئیدی هیچ هیوایەکم نەما.

 

شنە خالید، هاوسەری د. زمناكۆ، ئەمشەو چوارشەممە، لەبارەی رەگەزگۆڕینی مێردەكەیەوە، وتارێكی لە ژێر ناونیشانی "تازە با باسی بكەم باشترە" بڵاوكردۆتەوەو وتویەتی"چەند مانگێک بو گەیشتبوینە ئەمریکا، کە مامۆستا سۆران لە هەولێرێ سەیارەی لێیداو کوشتی. ئەوە شۆکەکی زۆر گەورەبو لەسەر زمناکۆ کە هاوڕێی هەرە نزیک و لە مێژینەی مامۆستا سۆران بو. زمناکۆ دوای شۆکی مردنی ئەو هاوڕێیەی گۆڕا، دەمزانی چشتەک لەناخیدا کوژایتەوە."

شنە خالید وتوشیەتی"من هیوام هەبو ئەو گۆڕانە وردانەی زمناکۆ دەیکرد کاتی بن و رۆژەک بێت بێتەوە هۆش خۆی، هەر بەو هیوایەی دەژیام ماوەی پێنج ساڵ. هەتا مانگی 12ی 2017 کە وتاری "ژنێک لە مندا"ی بڵاوکردەوە. ئیدی هیچ هیوایەکم نەما."

شنە ئاماژەی بەوەداوە كە "لە زمناکۆم پرسی کەینێ دەگەڕێتەوە سەر ئەسڵی خۆی و واز لەو وردە گۆڕانکارییانە دەینێ؟" لە وەڵامدا وتویەتی"کاتەک سەیری ئاوێنەی دەکات نایەوێت وێنەی پیاوەک ببینێ، بەڵکو دەیەوێت ئافرەتەک ببینی.ئیتر دنیای من ڕوخا. هیوای پێنج ساڵەم کە پێم وابو رۆژەک زمناکۆ بەهۆش خۆی دێتەوەو دەبتەوە زمناکۆی جاران، مرد. زمناکۆی من مرد."

وتوشیەتی"هەر بەفعلی دەگەڕام خودای لە شوێنەک ببینمەوە، لێی بپرسم ئەوە چییە رودەدات؟ راستە یان درۆیە؟ یەعنی مێردی من، زمناکۆی من ژن بوەو ئەمن لەگەری ژیایمە؟ ئەی ئەو هەمو خۆشەویستییە؟ ئەدی سێکسەکانمان یەعنی درۆ بوە؟ ئەی منداڵەکانمان؟ ئەدی لۆ سەرەتای یەکترناسینمان هیچ هیچ نیشانەیەک نەبو؟"

وتوشیەتی"منداڵەکانمان، ئازاری زۆریان چەشت، هەر لە کچەکەم کە ئەوکات تەنها چار ساڵ بو و دەگریا چونکی نەیدەویست بابی بەو شێوازەی ببینی، هەر لەکوڕەکانم کە ئەوکات دە دوازدە ساڵان بون نەیاندەویست لە ژۆری خۆیان بێنە دەرێ نەوەک بابیان بە شێوازی نوێ ببینن."

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە "تکام وایە هەمو خیزانەک، هەمو دایک و باوکەک بەوریایی و بەوردی لە ژیانی منداڵەکانیان وردبنەوە، ئەگەر ناڕەحەتی رەگەزیان هەیە چارەسەریان بکەن لێیان گەڕێن با ببنە ئەوەی کە دەخوازن ببنێ بەرلەوەی هاوسەرگیری بکەن و منداڵ بخەنەوە. با چیدی هیچ هاوسەرو منداڵەک ئەوەی بەسەر نێ کە بەسەر خۆم و منداڵەکانم هات."

دەقی نوسینەكەی شنە خالید:

تازە با باسیکەم باشترە

چەند مانگێک بو گەیشتبوینە ئەمریکا، کە مامۆستا سۆران لە هەولێرێ سەیارەی لێیداو کوشتی. ئەوە شۆکەکی زۆر گەورەبو لەسەر زمناکۆ کە هاوڕێی هەرە نزیک و لە مێژینەی مامۆستا سۆران بو. زمناکۆ دوای شۆکی مردنی ئەو هاوڕێیەی گۆڕا، دەمزانی چشتەک لەناخیدا کوژایتەوە. بەڕادەیەک تازیەبار بو کە تەسەورم نەدەکرد هیچ هاوڕێیەک لۆ مردنی هاوڕێیەکی وەها چەندین مانگ تازیەبار بی.

چەند مانگ بو ریشی نەتراشی بو. دەیزانی من زۆر ئەوم پێ قۆزە کاتەک ریشی هەیە، رۆژەکیان گوتی، سێ مانگی دیکەش با ئەو ریشە لۆ تو بیت و دوای ئەوە لۆخۆم دەبم. من نەمزانی و دڵنیام ئەویش نەیزانی مەبەستی چییە. دوای سێ مانگ ریشی تاشی، زمناکۆ دڵتەنگییەکەی نەما، وردە وردە پەرچەمی درێژ کرد، من پێم ناخۆش بو. بەڵام لەوە زیاتر زمناکۆم خۆشدەویست کە وای لێ بکەم ئەوەی نەکا کە دڵی پێی خۆشە. زمناکۆ وردە وردە دەستی بە گۆڕان کرد. هەم لە روخسارو هەم لە هەڵسوکەوت، منیش وردە وردە بەهۆی گۆڕانەکانی دڵتەنگی باڵی بەسەرمدا دەکێشا، مانگ و ساڵ تێپەرین و من هەمیشە تازیەبارو زمناکۆ دڵخۆش، من گلەییم لای باوک و کەسوکاری دەکرد کە ئەو گۆڕانانەیم قبوڵ نییە و وەکو هاوسەر مافی ئەوەم هەیە داوا لە مێردەکەم بکەم پرچی درێژ نەکات، پرچی رەنگ نەکات، تیشێرتی ناسک لەبەرنەکات...بەڵام هەمو جار گفتوگۆکانم لەگەڵ زمناکۆی لەوێ قوفڵ دەدرایەوە، دەیگوت ئەگەر بەڕاستی ئەمنت خۆشبوێ، دەبێ ئەوها ئەمنت خۆش بوێ کە دڵم پێ خۆشە نەک هیچم بەسەر فەرزبکەی. منیش لای خۆمەوە پێم وا نەبو هیچم فەرزکردبێت تەنها دەمویست بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی و پرچی کورت بکاتەوەو رەنگی نەکا. چونکی وەکو هاوسەر دەبێ بایی ئەوە مێردەکەم بە دڵم بکات تا ئاستی حەزو ئەتراکشنم لۆی لە لوتکە بێت.

بەبیرمە لە کۆڕو کۆبونەوەی کۆمەڵایەتی بەدزی هەموان، بەس دەگریام، چونکی بەبەرچاومەوە رۆژ بەڕۆژ دەمدیت وا زمناکۆی مێردم دەتوێتەوە، هەر هەفتەی پارچەیەک و بەشێک لە زمناکۆی لەناو دەچو و بەشێکی نوێ جێگەی دەگرتەوە. تازیەباری من زۆر درێژی خایاند. ئاخر ئاسان نییە بەبەرچاوتەوە، ئەو پیاوەی عەشقی بوی و عاشقت بو، وردە وردە بمرێ و هیچ هیچیشت لەدەست نەیەت تا ئەو عەشق و مەعشوقەت رزگار بکەی. من و زمناکۆ شێتانە یەکتریمان خۆشدەویست. دوای دە پازدە ساڵ زەواج و سێ منداڵ، هێشتان وەک سەردەمی دڵداری شێتانە یەکتریمان خۆشدەویست.

من هیوام هەبو ئەو گۆڕانە وردانەی زمناکۆ دەیکرد کاتی بن و رۆژەک بێت بێتەوە هۆش خۆی، هەر بەو هیوایەی دەژیام ماوەی پێنج ساڵ. هەتا مانگی 12ی 2017 کە وتاری "ژنێک لە مندا"ی بڵاوکردەوە. ئیدی هیچ هیوایەکم نەما. بەبیرمە کە ئەوکات لە زانکۆی جۆن براون قوتابی ماستەر بوم، لەگەڵ دکتۆر تێریل قسەم کرد، گوتی، کاتی ئەوەیە روبەروی ببیەوە و پرسیاری لێ بکەی بزانی چ دەگوزەرێ؟

لەهەمان کاتیش، بابی نازدارم لەسەرە مەرگ بو. بابم کە ڤیزەی وەرگرتبو سەردانیم بکا، مەرگ رێگەی نەدا و مرد. سێ ساڵ بو نەمدیتبو. دە رۆژەک دوای مردنی بابم لە زمناکۆم پرسی کەینێ دەگەڕێتەوە سەر ئەسڵی خۆی و واز لەو وردە گۆڕانکارییانە دەینێ؟

پرسیارەکەم زۆر جددی بو، زمناکۆش چیدی نەدەکرا لەوەڵامەکەی رابکات، وەڵامی دامەوە گوتی کە ئەو کاتەک سەیری ئاوێنەی دەکات نایەوێت وێنەی پیاوەک ببینێ، بەڵکو دەیەوێت ئافرەتەک ببینی.

ئیتر دنیای من ڕوخا، هیوای پێنج ساڵەم کە پێم وابو رۆژەک زمناکۆ بەهۆش خۆی دێتەوەو دەبتەوە زمناکۆی جاران، مرد. زمناکۆی من مرد. لە ماوەی دو هەفتە، هەم باوکم مردو هەم مێردم، بابی منداڵەکانم.

نازانم کو ژیام، دەزانم وێران ببوم، داڕمابوم، دەزانم رۆژی هەینی بو کە پێی گوتم، شەممە و یەکشەممە لەناو سەیارەی لەو شارەی دەخولامەوەو بە کوڵ دەگریام،. دەمویست ئەوە درۆ بێت، نەمدەتوانی قسەی لۆ هیچ کەسەک بکەم، چونکی لای من قەزیەکە ئی وەی نەبو باس بکرێت. دەمویست خودای ببینمەوە، هەر بەفعلی دەگەڕام خودای لە شوێنەک ببینمەوە، لێی بپرسم ئەوە چییە رودەدات؟ راستە یان درۆیە؟ یەعنی مێردی من، زمناکۆی من ژن بوەو ئەمن لەگەری ژیایمە؟ ئەی ئەو هەمو خۆشەویستییە؟ ئەدی سێکسەکانمان یەعنی درۆ بوە؟ ئەی منداڵەکانمان؟ ئەدی لۆ سەرەتای یەکترناسینمان هیچ هیچ نیشانەیەک نەبو؟ دەمویست خودای ببینمەوە، نەمدەزانی رو لە کێندەر بکەم، دەزانم هەر سەیارەم دەهاژوشت و دەسوڕامەوە، کاتەک بەلای کڵێسایەکی گەورە رەت بوم، مێشکم گوتی بگەڕێوە، بڕۆ پێش کڵێساکەی، دەمزانی ئەوان لەهەمو کەس شیاوترن ئێستا هانایان لۆ ببەم بڕەک دڵم بدەنەوە، رەنگە ئێستا رەخنەم لێ بگرن، بەڵام ئەگەر لە جێی من بونایە رەخنەی ناگرن. چونکی خودا خودای هەمو مرۆڤ و دینەکانە. چومە ژۆرێ، هەندە پەشۆکاو بوم و بەکوڵ دەگریام، دو ژن دانیشتبون، گوتم دەمەوێت کەسەک نوێژم لەگەڵ بخینی، خێرا بردمیانە ژورەکیدی لای پیاوەکی پیر، کە قەشە بو، گۆتی کچم چتە؟ چبوە؟ گۆتم مێردەکەم نەخۆشییەکی زۆر دەگمەنی گرتییە تخوا دوعای لۆ بکە چاک بێتەوە. کورسیەکی لۆم هیناو دانیشتین، هەردوک دەستی گرتم و لەخودای پاڕاوە بەبیرم نییە چی دەگوت، بەس دەزانم تا تەواو بو دو گۆمە فرمێسک لەسەر مێزەکەی پێشم دروست ببو کە فرمێسکی نەپساوەی لە کۆنترۆڵ دەرچوی من بو.

دوای ئەو رۆژو مانگە تاڵانە کە ئێستاش نازانم چۆن چۆنی تێپەڕین، کەوتمە نێوان دو بەرداش، زمناکۆم لە رادەبەدەر خۆشدەویست، نەمدەویست ئازاری ئەوەی هەبی کە خۆی نەبی، لەهەمانکاتدا خۆبونی زمناکۆی واتا مردنی من. هێشتان نەمدەویست زمناکۆی لەدەست بدەم. زمناکۆش قەت نەیدەویست ئەمنی لەدەست بدات. زۆر دەترسا لەوەی ببتە خۆی، ئەمنی لەدەست بچی، جارەکیان گوتی ئەگەر ئەتوی لەدەست بدەم ئیدی باکم بە چیدی دەبی؟

منداڵەکانمان، ئازاری زۆریان چەشت، هەر لە کچەکەم کە ئەوکات تەنها چار ساڵ بو و دەگریا چونکی نەیدەویست بابی بەو شێوازەی ببینی، هەر لەکوڕەکانم کە ئەوکات دەدوازدە ساڵان بون نەیاندەویست لە ژۆری خۆیان بێنە دەرێ نەوەک بابیان بە شێوازی نوێ ببینن، کچەکەم بەو تەمەنە گچکەی، لە هەوڵەکی بێوێنەدابو خێزانەکەمان هەڵنەوەشێتەوە، بەو تەمەنی چار ساڵیەی هەمو ئێواران هەر هەمومانی لە هۆڵەکەی کۆدەکردەوە و چالاکی وەهای دروست دەکرد دەبوایە هەمومان بەشداری بکەین. چونکی هەستی بەهەر هەمو مەترسیەکانی هەڵوەشانەوەی خێزان دەکرد. ئێستاش کە نۆ ساڵە، هەمو ئاواتی ئەوەیە جارەکیدی داک و بابی، یاخود داک و داکەکەیدی ببینتەوە لەسەر یەک سفرەی نانی بخۆن.

بەبیرمە رۆژەک کوڕی ناوەنجیم گوتی دایە با بابە نێتە لای پاسی مەکتەبێ چونکی هیچ کەسەک بابی پرچی وەها درێژ نییە. کە بە زمناکۆم گۆت، گوتی منداڵ لۆی نییە تەداخولی بریارو ویستی من بکات، بە کوڕەکەشمی گوت کە ناکرێ تەداخولی بڕیارەکانی بکات.

کوڕە گەورەکەم سالی پار، رۆژەکیان هاتە کنم و تێر تێر گریا، تێر تێر گریاین پێکەوە چونکی ئێستا زۆر بەڕونی هەست بە لەدەستدانی بابی دەکات. دەیگوت چ دەبو ئەگەر بابم وەکی جاران بوایە و پێکەوە برادەر بوینایە!

پێم گۆت ژانوار گیان، دەزانم بابت گۆڕایەو هیچ ئەو کەسە نییە کە سەرەتا بابت بو، بەس دەمەوێ ئەوەی بزانی کە یەک چشت لەوێ نەگۆڕایە، ئەویش خۆشەویستیتی لۆ نگۆ. ئەنگۆی رادەبەدەر خۆشدەوێت ئەوە تاکە چشتە کە دڵنیام نەگۆرایەو قەتیش لۆوی ئاسان نەبوە بڕیاربدا ئەو گۆڕانکارییە گەورەی بکات ئەگەر لەناخەوە زۆر زۆری ئازار نەدیتبیت.

بەهەر حاڵ، مادام زمناکۆ خەسرۆ وەک لانە کرمانج بە فەرمی خۆی ئاشکراکرد، ئیتر پێم وابو کاتی هاتییەو ئاساییە ئەمنیش وەکو شنە، هاوسەری پێشوی د.زمناکۆ خەسرۆی، باسی ئەو روداوە گەورەی بکەم کە سەرلەبەری ژیانی خێزانی من و منداڵەکانمی گۆڕی.

وەکو ژنەک، کە هاوسەری ئازیزو بابی منداڵەکانمم لەدەست دایە بەهۆی تەوژمی زۆر بەهێزو نوێی رەوتی برەودان بە (خۆبون) و پەلکەزێڕینەو بەهۆی رەگەزگۆڕینی مێردەکەم تکام وایە هەمو خیزانەک، هەمو دایک و باوکەک بەوریایی و بەوردی لە ژیانی منداڵەکانیان وردبنەوە، ئەگەر ناڕەحەتی رەگەزیان هەیە چارەسەریان بکەن لێیان گەڕێن با ببنە ئەوەی کە دەخوازن ببنێ بەرلەوەی هاوسەرگیری بکەن و منداڵ بخەنەوە. با چیدی هیچ هاوسەرو منداڵەک ئەوەی بەسەر نێ کە بەسەر خۆم و منداڵەکانم هات.

هەرچی سەبارەت بە لانە خانە، ئەو مرۆڤەکی زیرەک و دڵسۆزی وڵات و میللەتی خۆیتی. دکتۆرەکی زیرەک و پزیشکەکی دەرونی زۆر بەتوانایە لانە بێت یان زمناکۆ، نێر بێت یان مێ، لۆ میللەتی خۆی دڵسۆزو بەئەمەک بوە و دەبی. خزمەتی زۆری پێشکەش کردییە.

من وەکو خۆم، دەمێکە لە هەمو کەسەک خۆش بویمە کە بویتە مایەی ئازاردانی من. ژیان گەشتەکی کورتە، با لە خۆشەویستی و لێبوردەیی و جوانی زیاتر چیدی نەبەخشینەوە.

یاخوا کەس ئەوەی بەسەر نەیێ کە بەسەرە من هات و بمینێن بەخێر. ئەو رەسمەیەش خۆم و بەرخەکانمن پێنج ساڵ پێش ئێستا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×