لێکۆڵەرێکی ئابووری: بودجە هەمواردەکرێتەوە و گرفتە داراییەکان چارەسەردەبن
  2024-01-01       341       

لێکۆڵەرێکی ئابووری بەرنامەکانی حکومەتی ئاشکرا کرد بۆ هەموارکردنەوەی بودجەی سێ ساڵە، وەک هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی کورتهێنان.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ دووشەممە، حەیدەر شێخ، لێکۆڵەری کاروباری ئابووری، ڕایگەیاند، “حکومەت لە بەرنامەیدایە بۆ ئەوەی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی دەوڵەتی عێراق بۆ ئەو سێ ساڵە بکات، کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەندکرا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەندێک هەموارکردنەوە لە هەندێک ماددەی یاسای بودجەدا دەکرێت، لەوانە ئەنجامدانی گواستنەوەی دارایی و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان”.

باسی لەوەکرد، “ئەم هەنگاوانە یارمەتیدەر دەبن بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی دارایی چاوەڕوانکراو لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ٤٠ ترلیۆن دینار”.

ئەوەشی خستەڕوو، “وەزارەتی دارایی کاردەکات بۆ هەموارکردنەوەی ڕەشنووسەکە و ناردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیران، پاشان پەسەندکردنی لە ئەنجومەن کە وەک دەقێکی یاسایی دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە”.

بودجەی ئێستا گەورەترین بودجەیە لە مێژووی عێراقدا، کە نزیکەی ١٥٣ ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا، کورتهێنانی دارایی گەورە بە نزیکەی ٤٨ ملیار ساڵانە خەمڵێندراوە، ئەمەش زیاترە لە دووهێندەی ئەو کورتهێنانەی کە لە دوایین بودجەی ساڵی ٢٠٢١ تۆمارکرەاوە کە گەیشتە ١٩.٧ ملیار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×