وتەبێژی سەربازیی سودانی: هێرشەكەی بەغدا هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ كردەوە تیرۆریستییەكان
  2024-01-04       345       

یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان هێرشی کردە سەر بارەگایەکی هێزە ئەمنییەکان لە بەغدا و ئەو کارە "هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ کردەوەی تیرۆریستی" و، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لێی بەرپرسە.

 ئاوێنە: یەحیا رەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ (پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی بەئامانجکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە بەغدا وتی،"لە دەستدرێژییەکی ئاشكرادا بۆسەر سەروەری و ئاسایشی عێراق، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کارێکی کرد، کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کاری تیرۆرستی نییە و، ئەمڕۆ (پێنجشەممە) یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی لە بەغدای پایتەخت کردە ئامانج."

 وتەبێژەکەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ژمارەی تەواوی قوربانییەکانی بەفەرمی ئاشکرا نەکردوە، بەڵام وتویەتی "بەئامانجکردنەکە قوربانیی لێکەوتوەتەوە."

هێزە چەکدارەکانی عێراق بەپێی وتەی یەحیا رەسول "بەرپرسیاریێتیی ئەو هێرشە بێ پاساوە بۆ سەر لایەنێکی ئەمنیی عێراق دەخاتە ئەستۆی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی."

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئەم کارە دەبێتە هۆی تێکدانی هەمو لێکتێگەیشتنێکی نێوان هێزە چەکدارەکانی عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی. ئێمە ئەو بەئامانجکردنە بە هەڵچونێکی ترسناک و دەستدرێژی بۆ سەر عێراق دادەنێین کە دورە لە گیان و ناوەڕۆکی هاوئاهەنگیی، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسەری دروستبوە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×