حەشدی شەعبی: هێرشەكەی ئەمڕۆی بەغدا پێشهاتێكی مەبەستدارو مەترسیدارە
  2024-01-04       424       

دەستەی حەشدی شەعبی لەبارەی هێرشەكەی ئەمڕۆ بۆ سەر گروپێكی چەكدار لە بەغدا، رایگەیاند، هێرشەكە بارگرژییەكی مەبەستدارو مەترسیدارەو گوزارشت لە پێداگرییەكی ئاشكرا بۆ پێشێلكردنی سەروەریی عێراق دەكات.

ئاوێنە: نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە گەڕەکی فەلەستینی بەغدا دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بیسترا، دواتر بزوتنەوەی نوجەبا کوژرانی دو فەرماندەی خۆی بە ناوەکانی ئەبو تەقوا سەعیدی و یاریدەدەرەکەی بە ناوی ئەبو ئیمتیحان راگەیاند.

ئەمشەو دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێكدا لەوبارەیەوە وتی، هێزەكانی ئەمریكا ئەمڕۆ جارێكی تر دەستدرێژییان بۆ سەر بارەگا ئەمنییە رەسمییەكان دوپاتكردەوە ئەوەش بە كردنە ئامانجی بارەگایەكی سەربە حەشدی شەعبی لەڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە.

وتوشیەتی"ئەم كردەوە تاوانكارییە دەستدرێژییەكی ئاشكرایە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئەو دامەزراوە ئەمنییانەی پەیوەستن بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و لێدانیشە لە هەمو یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەكان."

دەستەی حەشدی شەعبی جەختی كردۆتەوە كە "ئەم بارگرژییە مەبەستدار و مەترسیدارە گوزارشتە لە پێداگرییەكی ئاشكرا بۆ پێشێلكردنی سەروەریی عێراق و یاسا بەركارەكانی و بێڕێزییە بە خوێن و كەرامەتی عێراقییەكان."

جەختیشی كردۆتەوە كە حەشدی شەعبی ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی هەر فەرمانێكی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە سەروەری و یەكپارچەیی خاكی عێراق و رۆڵەكانی بپارێزێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×