سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی: وەڵاممان بۆ هێرشەکەی بەغدا دەبێت
  2024-01-05       363       

سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات لە بەرامبەر هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر بارەگایەکی هێزەكانیان لە بەغدا. دەڵێت، هێزەكانی مقاوەمەی ئیسلامی وەڵامیان بۆ هێرشەكە دەبێت.

ئاوێنە: دوێنێ پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا هێرشی کردە سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی شاری بەغدا و لە ئەنجامدا سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی و یاوەرێكی کوژران و بە لایەنی کەمەوە حەوت ئەندامی گروپەکە برینداربون.

حاجی ئەبو مونتەزەر، سەرکردە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە دیالە، لە کاردانەوە بۆ ڕوداوەکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێزەکانی موقاوەمەی ئیسلامی وەڵامییان بۆ هێرشەکەی بەغدا دەبێت."

ئەو سەرکردەیە کە پێشتر ئەندامی گروپی بەدر بوە ئەمەریکای بەوە تۆمەتبارکرد دژایەتی بەرپرسانی حەشدی شەعبی دەکات و وتی "سەرکردەکانمان ئامادەن بۆ شەهیدبون."

ئەو فەرماندەیەی حەشدی شەعبی کە لە هێرشەکەدا کوژراوە ناوی موشتاق تاڵیب سەیدی-یە و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی لیوای 12ی حەشدی شەعبی بوە. لە ناو ڕیزەکانی گروپەکە بە ئەبو تەقوا ناسراوە.

ئەبو تەقوا یەکێکە لە فەرماندە باڵاکانی کەتیبەکانی نوجەبای سەربە حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشی سەربە بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا.

سەرچاوەیەکی سەربازی ئاگادار لە دوز کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە ئاماژەی بەوە دا، دوای هیرشەکە حەشدی شەعبی بەشێکی زۆری بنکە و بارەگاکانی چۆڵکردوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەری هیرشی زیاتری ئەمەریکا بۆ سەریان.

پات رایدەر، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا-پێنتاگۆن شەوی رابردو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پشتڕاستیکردەوە كە هێرشەکەی دوێنێی بەغدا لەلایەن ئەمریکاوە کراوەتە سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی و وتیشی، ئەو فەرماندەیەی كە لە هێرشەكەدا كوژراوە "چالاکانە بەشداربو لە پلاندانان و هێرشکردنە سەر هێزەکانمان."

بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، لە ڕۆژی 17 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 ەوە، 115 هێرشکراونەتە سەر بنکە سەربازییەکانیان لە عێراق و سوریا، کە میلیشیا شیعەکانی نزیک لە ئێران تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×