دوو بەڕێوەبەری بانك دادگایی دەكرێن
  2024-01-05       310       

دادگای تاوانەكانی دیالە، دوو بەڕێوەبەری بانكی حكومی لەو پارێزگایە بەتاوانی گەندەڵی دارایی، دادگایی دەكات و لەسەریشیان دەسەپێنێت سەرجەم ئەو پارانەی بردوویانە، بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی.

دەستەی دەستپاكیی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی بەڕێوەبەری دوو بانكی حكومی لەسنووری پارێزگای دیالە، بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی دەستگیركران و لە پۆستەكانیشیان دوورخرانەوە، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دیالە بە دوو ساڵ زیندانیكردن دادگایی كران.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوو تاوانبارەكە، كە یەكێكیان بەڕێوەبەری پێشووی بانكی كشتوكاڵی/ لقی هیپ هیپ بوو، بەتاوانی دزینی 12 ملیۆن و 500 هەزار دینار، سزای دوو ساڵ زیندانیكردنی بەسەردا سەپێندرا، تاوانی دووەمیش كە بەڕێوەبەری پێشووی بانكی كشتوكاڵی/ لقی بەلەدروز بوو، بەتاوانی دزینی پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار، سزای یەك ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

هەردوو تاوانبارەكە كە بەپێی ماددەی 316 لەیاسای سزادانی عیراقی دادگایی كراون، لەلایەن دادگای تاوانەكانی دیالە لەسەریان سەپێندراوە كە دەبێ سەرجەم ئەو پارەیەی دزیویانە، بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێننەوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر ماوەی حوكمەكەشیان تەواو بكەن، لە زیندان ئازاد ناكرێن.

دەستەی دەستپاكیی عیراق ئاشكرایكردووە، ئەو بڕە پارەیەی كە ئەو دوو بەڕێوەبەری بانكە دزیویانە، پارەی سپێردراوی جوتیارانی پارێزگای دیالەیە، بۆ ئەو مەبەستەش داوای كردووە هەر كەسێك بەهۆی گەندەڵییەكانی دوو تاوانبارەكە زیانیان بەركەوتووە، دەتوانن سكاڵای یاساییان لەسەر تۆمار بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×