ئەمریکا: ١٢٦ جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانمان لە عێراق و سووریا
  2024-01-10       295       

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن، بڵاوی كردەوە، لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ١٢٦ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری ئەمریكا – پنتاگۆن، لە بارەی ژمارەی هێرشەكانی سەر بنكە و بارەگانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران ١٢٦ هێرشییان لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش كرد، شەوی ڕابردوو لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە هێرش كراوەتە سەر هێزەكانمان لە ناو فڕۆكەخانەی هەولێر، بەڵام لە ڕێگەی سیستەمەی بەرگرییەوە وەڵامى هێرشەكە دراوەتەوە.

پنتاگۆن ئەوەشی خستەڕوو، لە ٤ی ئەم مانگەوە نۆ هێرش كراوەتە سەرمان لە عێراق و سووریا، هەروەها بۆ پاراستنی هێزەكانمان لەگەڵ حكومەتی عێراق لە ڕاوێژداین، ئەگەر هێرشی زیاتریش ڕووبدات، ئەوا لە كات و شوێنی گونجاودا وەڵامی دەدەینەوە.

جێگەی ئاماژەیە، لە دوای فراوانبوونی ئاڵۆزیی و گرژییەكانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە غەزە، بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە لەلایەن بەرەی مەقاوەمەی ئیسلامی عێراقەوە دەكرێتە ئامانج، ئەمەش مەترسی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەكەدا زیاد دەكات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×