لەبارەی دەنگۆی تیرۆرکردنی هادی عامرییەوە ڕونکردنەوە دەدرێت
  2024-01-11       831       

لە چەند میدیا و پێگەیەكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەنگۆی هەوڵێكی تیرۆركردنی سەرۆكی رێكخراوی بەدر كە هاوكات فەرماندەیەكی باڵای حەشدی شەعبیشە بڵاو دەبێتەوە، بەڵام ئۆفیسی ڕۆژنامەوانیی ڕێكخراوەكە ئەو دەنگۆیە رەت دەكاتەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا و پێگەكان بێت، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممەی رابردوو لە ناوچەی (العلاوی) لە شاری بەغدا، بە چڕی تەقە لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوی بەدر كراوە. تەنانەت هەندێك لە پێگەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گوایە عامری لەو هێرشەدا بریندار بووە و پێنج كەس لە پاسەوانەكانیشی كوژراون. 

لە بەرامبەر ئەو دەنگۆیانەدا، شەوی رابردوو محەمەد رەعد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژنامەوانیی ڕێكخراوی بەدر، ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن، كەژاوەی ئۆتۆمبێلەكانی هادی عامری، سەرۆكی ڕێكخراوەكەیان تەقەی لێكرابێت.

ئەم قسانە لە كاتێكدا دێن كە لەم دواییانە ژمارەیەك فەرماندەی باڵای حەشدی شەعبی لە عێراق، لە ڕێگەی درۆنەوە هێرشیان كرایە سەر و كوژران كە دیارترینیان ئەبو تەقوا سەعیدی، یاریدەدەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی دەوری بەغدای حەشدی شەعبی و فەرماندەی میلیشیای نوجەبا بوو. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×