شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رەتیدەكاتەوە ئەمریكا سەربازی زیاتر رەوانەی وڵاتەكەی بكات
  2024-01-15       363       

دوای ئەوەی میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، واشنتۆن دەستی بە ئامادەكاری كردوە بۆ ناردنی 1500 سەربازی دیكە بۆ عێراق و سوریا، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق هەواڵەكە رەتدەكاتەوە.

ئاوێنە: لیوا تەحسین خەفاجی، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رەسمی عێراق، ئەو هەواڵانەی رەتكردۆتەوە كە باس لەوە دەكەن هێزی زیاتری هاوپەیمانان بهێنرێنە عێراق.

لیوا تەحسین خەفاجی جەختی كردۆتەوە كە عێراق پێویستی بە هیچ هێزێكی بیانی نییەو ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانانیش  لەعێراق بۆ پێدانی راوێژو مەشق و زانیاریی ئەمنییە.

هەروەها وتوشەتی، بەمنزیكانە كاری لیژنەی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵی دەستپێدەكاتەوە كە یەكێك لە وردەكارییەكانی دانانی خشتەیەكی زەمنییە بۆ كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە وڵات.

ئەوەش لەكاتێكدا كە دوێنێ یەكشەممە، میدیاكانی ئەمریكا لە زاری سەربازان و كەسوكارییانەوە بڵاویانكردەوە، ئەمریكا ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی 1500 سەربازی گاردی نیشتمانی لە ویلایەتی نیوجێرسییەوە بنێرێت بۆ عێراق و سوریا.

عومەر مینۆت، یەكێك لەو 1500 سەربازەی كە دەوترێت رەوانەی عێراق و سوریا دەكرێن بە میدیای ئەمریكی وتوە، سەربازەكان مەشقیان پێكراوەو ئەو كەرەستانەشیان هەیە كە بۆ شەڕو سەركەوتن پێویستن.

هەروەها دانیاڵ پروسەر، ژنی یەكێك لەو سەربازانە كە خاوەنی كچێكی 11 مانگانە، وتویەتی، مێردەكەم دەنێردرێت بۆ عێراق.

بەپێی میدیای ئەمریكی ئەو سەربازانە رەوانەی فۆڕت بلیس لە ویلایەتی تەكساس دەكرێن بۆ مەشقی زیاتر بەرلەوەی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكرێن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×