"توركیا ئۆباڵی شكشتی ئۆپەراسیۆنی دژی پەكەكە دەخاتە ئەستۆی یەكێتی"
  2024-01-20       1863       

ئا: ئاوێنە

 

رۆژنامەی "ئەلعەرەب" لە راپۆرتێكدا باس لەوە دەكات كە توركیا جارێكی تر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تۆمەتباردەكات بە تێوەگلانی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان ئەوەش دوای شكستهێنانی پرۆسە سەربازییەكانی دژی پەكەكە لەناو خاكی عێراق و زیادبونی ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی. دەشڵێت: ئەنكەرە لەهەوڵدایە ئۆباڵی زیانەكانی بخاتە ئەستۆی هاوكاری یەكێتی لەگەڵ پارتی كرێكاران.

 

رۆژنامەكە لە راپۆرتەكەیدا لەبارەی پەیوەندییەكانی ئەنكەرەو یەكێتی ئاماژەی بەوەداوە، توركیا جارێكی تر یەكێتی نیشتمانی كوردستان تۆمەتباردەكات بە تێوەگلانی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان، دوای شكستهێنانی پرۆسە سەربازییەكانی دژی چەكدارانی ئەو حزبە لەناو خاكی عێراق و زیادبونی ژمارەی سەربازە كوژراوەكانی.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەنكەرە هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتری كردوە، ئەگەر یەكێتی  هەڵوێستی نەگۆڕێت، بەڵام دەرگاشی بە كراوەیی هێشتوەتەوە، لەحاڵەتێكدا رازیبێت بە هاوكاریكردن لەگەڵی، هاوشێوەی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشداوە، توركیا بە نیگەرانییەوە لە گەڕانەوەی بەهێزی یەكێتی دەڕوانێت بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقی و كوردی و برەودانی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردانی ناوچەكە."

بەپێی راپۆرتەكە، گەڕانەوەی بەهێزی یەكێتی لە ئەنجامی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی پارێزگای كەركوكدا بەرجەستەبو, بە پێچەوانەی ئەوەی سەركردایەتی توركیا چاوەڕوانی دەكرد, كە سەركەوتنی هاوپەیمانە توركمانەكانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بو بۆ دابەشكردنی دەسەڵاتی شارەكە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەداوە، ئەنكەرە لەهەوڵدایە ئۆباڵی زیانەكانی بخاتە ئەستۆی هاوكاری یەكێتی لەگەڵ پارتی كرێكاران و رێگەدانی بە ئەنجامدانی چالاكی لەناو پارێزگای سلێمانی."

هەروەها هێمای بۆ ئەوە كردوە، رۆژنامەی (دەیلی سەباح)ی توركی بڵاویكردوەتەوە, لێدوانەكانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی توركیاو زیادبونی هێرشەكانی پارتی كرێكاران بۆ سەر سەربازانی توركیا, ئاماژە بە سەرهەڵدانی ئاڵۆزی نوێ‌ دەكەن لەنێوان ئەنكەرەو سلێمانی.

رۆژنامەكە باسی لە لێدوانێكی هاكان فیدان, وەزیری دەرەوەی توركیا كردوە, كە وتویەتی: دودڵنابن لە گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر, ئەگەر یەكێتی نیشتمانی هەڵوێستی پشتیوانیكردنی لە پارتی كرێكاران نەگۆڕێت, سەرەڕای ئەو سزایانەی بەسەر شاری سلێمانیاندا سەپاندویانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×