ئایا لەئابی 1964دا مستەفا بارزانی بەنیاز بو پەنا بباتە بەر سوپای عێراق لەدژی باڵی مەکتەبی سیاسی؟
  2019-08-31       2056       

ئا: ئاوێنە


مەسعود بارزانی لەكتێبی "بارزانی‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد"دا دەڵێت:



رۆژی 17ی ئاب (1964)، تاقمەكەی ئیبراهیم ئەحمەد نیازی دەستدرێژیكردنیان هەبو، (دوای دەرپەڕاندنیان لەماوەت‌و چونە ناو ئێرانەوە)، لەسنوری ئێران پەڕینەوەو هاتن بۆ شلێرو سیوەیل لەدەوروبەری پێنجوێن. دەركەوت كه دەسەڵاتدارانی ئێران باشترین چەكیان دابونێو شەڕێكی سەخت لەو ناوانەدا رویداو هەندێ شوێنیان داگیركردو لەئەنجامی ئەوەدا شەش پێشمەرگەی هێزی خەبات شەهیدكران. رۆژی 19ی ئاب بروسكەیەك لەعەقید نوری مەلا مەعروفەوه هات بۆ بارزانی داوای یارمەتی لێدەكردو ئاگاداری كرد كەوا شەڕ بەردەوامەو ئێرانیەكان راستەوخۆ یارمەتیی تاقمی ئیبراهیم دەدەن.


بارزانی هەڕەشەیەكی توندی لەئێرانیەكان كردو پێیوتن: "جارێكیتر یەك كەسیان لەسنور بپەڕێتەوه، منیش لەسنوری ئێران دەپەڕمەوەو شۆڕشێك لەكوردستانی ئێران هەڵدەگیرسێنم".


بارزانی ئەم هەڕەشەیەی خۆی بەنهێنی نەهێشتەوەو بەرۆشن‌و ئاشكرا رایگەیاند. رژێمی عێراقیش ئەم هەڕەشەیەی بەهەلێكی وا دانا نابێ لەدەستبدرێ، پێوەندی ئەو رۆژەی نێوان عێراق ئێران ئاڵۆز بو، بەغدا دەستبەجێ وەفدێكی حكومەتی نارد بۆ چوارتا (وەفدەكه پێكهاتبو لەسەرۆكی ئەركانی سوپاو سەركردەی فیرقەی دوو بەڕێوەبەری ئیستیخباراتی سوپاو پارێزگاری سلێمانی)، وەفدەكه جەختی لەسەر ئەوه كرد كه حكومەتی عێراق ئامادەیه یارمەتی بارزانی لەدژی دەستێوەردانی ئێران بدات. باوكیشم سوپاسی وەفدەكەی كرد.


ژێدەر/ مەسعود بارزانی، بارزانی‌و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەكەم، 2004، ل183و 184

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×