هەپەگە دوو درۆنی دیکەی تورکیای خستەخوارەوە
  2024-03-31       349       

هێزەکانی هەپەگە بڵاویان کردەوە، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان دوو درۆنی دیکەى تورکیایان خستووەتە خوارەوە و هەروەها، سەربازێکیش کوژرا.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە بارەی چەند چالاکییەکی گەریلاکانی ئازادییەوە لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدانی زاپ و خواکورک، ڕاگەیاندراوێكی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە، لە کاتژمێر ٢:١٤ـی دوای نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٤ـی ئادار، هێزەکانمان لە گردی ئێف ئێم، درۆنێكیان لە ئاسماندا تێکشکاند، کە تەقەمەنی هەڵگرتبوو.

باسیان لەوەشکردووە، لە هەمان ناوچە و لە ٢٥ـی ئادار درۆنێکی دیکەی دەوڵەتی تورک خراوەتە خوارەوە، هەروەها لە ٢٨ـی ئەم مانگە، دوو چالاکی بەشێوەی نیشانەشکێنی و گولەباراندا گورزی قورس لە داگیرکەران وەشێندراو و داگیرکەرێک سزا درا.

ئاماژەیان بەوەشداوە، لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانی ڕۆژی ٢٩ـی ئادار، گەریلاکانی ئازادیی لە گردی شەهید کامەران لە خواکورک گورزیان لە داگیرکەران وەشاندووە.

باسیان لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کردووە و ڕایانگەیاند، لە ٢٤ بۆ ٢٩ـی ئەم مانگە، ١١ جار دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قەدەغەکراو هێرشی ئاسمانی لە گردی ئامێدی، گردی جودی و ناوچەی شەهید ئیبراهیم ئەنجامداوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشداوە، بە گشتی لە ٢٣ بۆ ٣١ـی ئەم مانگە دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، ٦١ جار هەرێمەکانی پاراستنی مەدیای بۆردوومان کردووە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×