بارزانی: سەپاندنی رێوشوێنی نادروست وا دەكا هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات
  2024-04-01       606       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، "سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات." دەشڵێت، داواش دەكات "كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستوری و یاساییەكان"ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان چارەسەر بكرێن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ دوشەممە، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە سەلاحەددین پێشوازی لە یان برایێم، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەدیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بابەتی هەڵبژاردنی پارلەمانی هەرێم و هەڵوێست و تێبینیەكانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن و كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "وڵاتەكەی لەگەڵ ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان بەهێز و سەقامگیر بێت و ئاڵۆزی و نیگەرانییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، كونسوڵی فەرەنسا "ئامادەیی وڵاتەكەشی نیشان دا بۆ هاوكاریكردنی لایەنەكانی هەرێمی كوردستان لەپێناو تێپەڕاندنی قەیرانە سیاسییەكان و چارەسەركردنی گرفتەكان لەگەڵ حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ."

مەسعود بارزانی لە دیدارەكەدا وتویەتی"ماوەی دو ساڵە پارتی هەمو هەوڵێكی دا كە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت بەڵام ڕێگریی لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن كرا، بەئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگەی فیدڕاڵ بردرا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دروست بكرێت."

بە بڕوای سەرۆكی پارتی "بێبەشكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینیەكان لە هەڵبژاردن، بێبەشكردنی سەدان هەزار دەنگدەر لە دەنگدان، بێبەشكردنی هەڵەبجە لە ژمارەی حەقیقیی كورسیەكان و سەپاندنی ڕێوشوێنی نادروست لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن، وا دەكات كە هەڵبژاردن تەعبیر لە دەنگی ڕاستەقینەی خەڵكی كوردستان نەكات." 

مەسعود بارزانی وتویەتی"پارتی لەگەڵ ئەوەیە كە هەڵبژاردنێكی پاك و ئازاد بە بێ دەستێوەردان و دیزاینی پێشوەختە بەڕێوەبچێت. هەڵوێستی پارتیش لەبەر ئەوە بوە كە پیلانی دەستبەسەردارتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت."

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا مەسعود بارزانی "بە پێویستی زانی كە هەمو ئەو كەموكوڕیە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستوری و یاساییانە چارەسەر بكرێن و ئیرادە و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان دور لە پیلان و ئەنجامی پێشوەختە سەر بگرێت" و  داواشی كرد "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و ڕاستەقینە كە لە خزمەت شەرعیەت و دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×