وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا: هانی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی متمانەپێكراو لە هەرێمی كوردستان دەدەین
  2024-04-01       437       

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەوان هانی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی ئازاد، دادپەروەرانەو متمانەپێكراو لە هەرێمی كوردستان دەدەن.

ئاوێنە: ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداری نەكردنی لە هەڵبژاردنەكە وتی"ئێمە لەوە تێدەگەین كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتە جیاجیاكانی عێراق و حزبە سیاسییەكان چالاكانە بیر لە هەنگاوەكانی داهاتو دەكەنەوە."

وتیشی"ئێمە هانی هەوڵەكان دەدەین بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی ئازاد، دادپەروەرانەو متمانەپێكراو لە هەرێمی كوردستان."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، دوێنێ یەكشەممە، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، وتی، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەی گرنگیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و گەلی كوردو عێراقی فیدراڵ، كردوە.

وتیشی، پارتی دیموكراتی كوردستانم هاندا بۆ ئەوەی لەگەڵ هەمو حزبە كوردییەكان و بەغدا كاربكات بۆ دڵنیابون لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی متمانەپێكراو و شەفاف لە نزیكترین كاتدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×