چوارەم گەڕی دانووستانەكانی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق دەستپێدەكات
  2024-04-02       142       

هەفتەی داهاتوو گەڕی چوارەمی كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریكا بۆ تاوتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق بەڕێوە دەچێت، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش دەڵێت: پێویستیمان بە هێزی نێودەوڵەتیی نەماوە و داواكارین كۆتایی بە ئەركی ئەو هێزانە بهێنرێت.

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بارەی دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكان بۆ تاوتوێكردنی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق، لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا زانیاریی نوێی خستەڕوو.

باسم عەوادی ڕایگەیاند، عێراق لە گفتووگۆكردن بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەردەوامە، دەمانەوێت پەیوەندی هەمەلایەنە و گشتگیر لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنیاد بنێین، لەو چوارچێوەیەدا هەفتەى داهاتوو، گەڕی چوارەمی كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریكا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

سەرەڕای لێدوانە دژ بە یەكەكانی عێراق و ئەمریكا بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی ‌هێزەكانی هاوپەیمانی و داهاتووی هێزە بیانییەكان، بەڵام حكومەتی عێراق جەخت لە هەڵوێستی خۆی بۆ چوونە دەرەوەی ئەو هێزانە دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، پێویستییان بە هێزی نێودەوڵەتیی نییە.

قەیس محەمەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق باسى لەوەکردووە، كۆبوونەوەكانی لیژنەی باڵای سەربازیی عێراق و ئەمریكا بەردوامن و عێراق پێویستی بە هێزی نێودەوڵەتی نەماوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەت سوورە لەسەر پێداچوونەوە بە ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانمان لە عێراق، هەرچەندە هەندێك دیدگای پێچەوانە هەیە و داوای مانەوەی ئەو هێزانە دەكات، بەڵام پێشنیازیی ئێمە ئەوەیە حكومەت كۆتایی بە ئەركی ئەو هێزانە بهێنێت.

دەشڵێت: پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان ئەركێكی نیشتمانیی و ئەخلاقییە و وەزارەتی ناوخۆ و دەرەوە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان بۆ ئەو مەبەستە لە هەماهەنگیی بەردەوامدان.

ئەمە لە كاتێكدایە، بڕیارە ١٥ـی نیسان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەردانی ئەمەریكا بكات و لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆك ئەمەریكا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە كۆببێتەوە و یەكێك لە تەوەرەكان گفتووگۆ كردنە لە بارەی داهاتووی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×