ناکۆکییەکانی محەمەد حاجی مەحمود و عەبدوڵڵای برای گەیشتە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری
  2024-04-03       968       

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناکۆکییەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود و عەبدوڵڵای برای قۆناغێکی نوێیان بەخۆیەوە بینی و رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویدا، ئەوەش دوای ئەوەی هێزێکی چەکداری سەر بە عەبدوڵڵای حاجی مەحمود هێرشیان کردە سەر ئەوخانووەی کە عەبدوڵڵا بەموڵکی خۆی دەزانێت و لەلایەن هێزەکانی محەمەدی حاجی مەحمودەوە دەستبەسەرداگیرابوو.

ئاوێنە: شەوی رابردوو هێزێکی چەکداری سەر بەعەبدوڵڵای حاجی مەحمود لەشاری هەولێرەوە بەرەو گوندی گوڵەخانەی شوێنی دانیشتنی محەمەدی حاجی مەحمودی برای‌و سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات هاتوون و لەگەڵ گەیشتنیان بە گوڵەخانە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارییان لەگەڵ هێزێکی محەمەد حاجی مەحمودی برای دەستپێکردووە، ئەوەش لەپێناو دەستبەسەرداگرتنی خانوویەکی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو هێزەی عەبدوڵڵای حاجی مەحمود بەسەرپەرشتی کوڕێکی ناوبراوبووە بەناوی (دابان) کە بە نیازی ئەوە هاتوون دەستبەسەر ئەو خانووەدا بگرن کە عەبدوڵڵا بەموڵکی خۆی دەزانێت و دەکەوێتە نزیک گوڵەخانە و لە ئەنجامدا توانیویانە دەستبەسەر خانووەکەدا بگرنەوە، بەڵام هیچ کەس نەبووەتە قوربانی.

بە گوێرەی زانیارییەکان، چەند چەکدارێکی سەر بە کاکە حەمە دوای چەککردنیان لە ئێستادا دەستبەسەر کراون و لە خانوووەکەی عەبدوڵای حاجی مەحموددان.

پاش ئەوەی چەکدارەکانی عەبدووڵای حاجی مەحمود دەستیان بەسەر خانوەکەدا گرتووە ، لەلایەن هێزێکی سەر بە محمەدی حاجی مەحمودە چوار دەوریان گیراوە.

 ئەم پێشهاتە نوێیەی ناکۆکییەکانی ناو پارتی سۆسیال دیموکرات لە کاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لەپارێزگای هەڵەبجە کۆنگرەی نائاسایی حزبی سۆسیال دیموکرات بەڕێوەبچت و عەبدوڵڵای حاجی مەحمودیش بەنیازی بەشداریکردنە لەو کۆنگرەیەداو وەک جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات خۆی ناساندووە لەکاتێدا ناوبراو دەرکراوە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×