پۆستی سەرۆكی شارەوانی وان بۆ كاندیدە براوەكەی دەمپارتی گەڕێندرایەوە
  2024-04-03       725       

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا بڕیاریدا مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی گەورە شارەوانی وان بۆ عەبدوڵا زەیدان، كاندیدە براوەكەی دەمپارتی بگەڕێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بڕیاری لێسەندنەوەی مافی وەگرتنی پۆستەكە لە ناوبراو، شەپۆلێكی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی لە شارەكانی باكوری كوردستان بەدوای خۆیدا هێنا.

ئاوێنە: عەبدوڵا زەیدان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پەیامێكدا وتی، مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی شارەوانی وان-م بۆ گەڕێندرایەوە، ئەمە ئیرادەو خاوەندارێتی گەلەكەمانە...وەك رێزێك بۆ هەڵوێست و بەرخۆدانی گەلەكەمان، خۆمان دەچەمێنین.

بەگوێرەی میدیاكانی توركیا، دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا، بڕیاریدا كە مافی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی گەورە شارەوانی وان كە لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەكانی شارەكەوە بە كاندیدی پارتی دادو گەشەپێدان درابو، بگەڕێنێتەوەو بیداتەوە بە عەبدوڵا زەیدان، كاندیدی دەمپارتی كە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكانی گەورە شارەوانی وانە، ئەوەش دوای ئەوە هات كە دەمپارتی لە دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا تانەی لە بڕیارەكەی دەستەی خۆجێی هەڵبژاردنەكان لە وان دابو.

دەمپارتی لە راگەیەندراوێكدا لەدوای دەرچونی بڕیارەكە، وتی، لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلی كوردو دۆستەكانمان، مافی پێدانی بڕوانامەی وەرگرتنی پۆستی گەورە شارەوانی وان بۆ عەبدوڵا زەیدان گەڕێندرایەوە، هەر بژی بەرخۆدانی گەلی كورد.

 هەروەها تەنجەر بەكیرهان، هاوسەرۆكی دەمپارتی لە پەیامێكدا لەوبارەیەوە وتی، ئەوە رویدا كە دەبو روبدات، ئیردەی گەلی وان ژیایەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×