عەبدوڵڵای حاجی مەحمود لەسەر کۆنگرە ھاتەدەنگ‌
  2024-04-04       416       

عەبدوڵڵای حاجی مەحمود لەسەر کۆنگرەى ئه‌مڕۆى پارتى سۆسیال دیموكراتى كوردستان ھاتەدەنگ‌و جیابونەوەی خۆی ڕاگەیاند، ده‌شڵێت، "ئەمڕۆ لەهەنگاوێکی دور لەهەموو پڕەنسیپێکی کاری سیاسی‌و حزبی، بەئیرادەی تاکڕەوانەی چەند کەس‌و گروپێک بەناوی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان شانۆگەریەکی بێبنەما سازدەکرێت".

به‌گوێره‌ى ڕونكردنه‌وه‌یه‌كى عه‌بدوڵڵاى حاجى مه‌حمود ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "ئەمڕۆ لە هەنگاوێکی دوور لە هەموو پڕەنسیپێکی کاری سیاسی‌ و حزبی، بەئیرادەی تاکڕەوانەی چەند کەس‌ و گروپێک بەناوی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکرات شانۆگەریەکی بێبنەما سازدەکرێت".

ده‌شڵێت:"بێبنەمایە، چونکە کۆنگرە ئامرازێکی یاسایی‌ و پەیڕەوییە بۆ نوێکردنەوە و بەزیندوو هێشتنەوەی ژیانی حزبی‌ و پێکهاتە و ئۆرگانەکانی‌ و بەرنامەو سیاسەتی حزب، بەڵام ئەوەی بەناوی کۆنگرەی نائاسایی پارتی سۆسیال دیموکراته‌وه‌ دەگوزەرێت دورە لە هەموو بنەماکانی کۆنگرەیەکی تەندروست‌ و ئامانجدار، بۆیە پێمانوایە نەک خزمەت بە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ناکات، بەڵکو کۆتایی بەپڕەنسیپەکانی کاری هاوبەش‌ و بیروڕای جیاواز لەو حزبەدا دەهێنێت‌ و بەرەو تولەڕێیەکی نادیار و داخراوی دەبات".

عه‌بدوڵڵا حاجى مه‌حمود نوسیویه‌تى:"بۆیە لەمڕۆ بەدواوە، ئێمە هیچ بەرپرسیارێتیەکی ئەو ئاینده لێڵ‌ و ناڕونە هەڵناگرین‌ و بۆ درێژەدان بەمێژوی حزب‌ و قوربانیدانی شەهیدان‌ و ئامانجە باڵاکانیان، ڕێگه‌ی خەباتی سیاسی‌ و جەماوەریی دوور لەگیانی توندوتیژیی‌ و دەمارگیریی درێژە پێدەدەین".

ئه‌وه‌شى وتوه‌:"لە هەنگاوی یەکەمدا بە هاوپەیمانییەک بەناوی سەردەم خۆمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ساز و ئامادەدەکەین، بۆ داهاتوی نزیک‌ و دوریش لەسەر بنەمای بەهای باڵای خەبات‌ و خزمەتکردنی گەل‌ و نیشتیمان‌ و کاری هاوبەش‌ و ڕەخساندنی دەرفەتی هاوتا بۆ ئەو ئامانجانە، کارنامەی تۆکمەمان دەبێت بۆ درێژەدان بەو کاروانی تێکۆشانەی خۆمان لە ڕێکخستنیدا ماندوبوین‌ و قوربانی گەورەمان لەپێناوداوە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×