دوای زیاتر لە دو هەفتە لە دەستگیركردنی عومەر مامە کوردە ئازاد کرا
  2024-04-04       675       

عومەر مامە كوردە، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەی نەوەی نوێ، پاش زیاتر لە دو هەفتە لە دەستگیركردنی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئازادكرا.

ئاوێنە: ئاسۆ هاشم، پارێزەری عومەر مامە كوردە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئازادكردنی ناوبراوی پشتڕاستكردەوە.

پێشتر ئەو پارێزەرە، بڵاوی کردەوە، لەسەر کەیسی عومەر مامە کوردە بانگهێشتی یۆنامی کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، یۆنامی ئامادەیی خۆی بۆ پاڵپشتی لە کەیسەکە دوپات کردەوە و لە داهاتودا کاری هاوبەشیان دەبێت لەسەر کەیسەکە.

ماوەی زیاتر لە دو هەفتەیە عومەر مامە کوردە ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەولێرەوە دەستگیرکراوە و پێشتر پارێزەرەکەی باسی لەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان بەڵگەکانی بە ناتەواویی دەبەنە بەردەم دادگا، تاوەکو ئازاد نەکرێت.

دەستگیرکردنی عومەر مامە کوردە دوای ئەوە هات کە لە یەکێک لە کەناڵە عێراقییەکان باسی لەوە کرد بو، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێم و قوباد تاڵەبانی جێگری موچەی موچەخۆرانی هەرێمیان بردوە و دابەشی ناکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×