پێشبینی كەشناسی هەرێم بۆ هاتنی شەپۆلێكی باران بارین
  2024-04-06       189       

كەشناسی هەرێم پێشبینی دەكات ئەمشەو ئەگەری باران بارین هەبێت و سبەی(یەكشەممە)ش باران بارین بەردەوام بێت و پلەكانی گەرماش چەند پلەیەك نزم ببنەوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لەکاتەکانى شەودا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو لەگەڵ ئەگەرى نمە باران لە هەندێ ناوچەداو پلەكانی گەرماش نزیك دەبن لە تۆماركراوەكانی دوێنێ.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، سبەی یەكشەممە، ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەورى تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران بەشێوەى پچڕپچڕ، لە دواى نیوەڕۆ رێژەى دابارینەکە زیاتر دەبێت و هەندێ جار هەورە تریشقەى لەگەڵدا دەبێت بەتایبەتى لە ناوچە شاخاوییەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە كە سبەی پلەكانی گەرما، 1 تا 3 پلە نزمتر دەبن لە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ.

كەشناسی هەرێم پێشبینی كردوە بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بەم جۆرە بن: ھەولێر: 28، سلێمانی: 25، دھۆک: 23، کەرکوک: 30، ھەڵەبجە: 27، سۆران: 24، گەرمیان: 33 پلە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×