میترۆ: روماڵی ئاگركەوتنەوەكەی بازاڕی لەنگە، هێزە ئەمنییەكان توڕە دەكات
  2024-04-08       272       

سەنتەری میترۆ رایگەیاند، روماڵی ئاگركەوتنەوەكەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگە هێزە ئەمنییەكانی هەولێری توڕە كرد و رێگری و سوكایەتییان بەرامبەر تیمی كەناڵەكانی راگەیاندن كردو لە شوێنی روداوەكە دوریان خستنەوە.

ئاوێنە: سەنتەری میترۆ، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتوشیەتی"رێكەوتی 8ی نیسانی 2024، لەكاتی روماڵی روداوی ئاگركەوتنەوە لەبازاڕی لەنگەی شاری هەولێر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، رێگری دەكرێت لە هەندێك دەزگای میدیایی روماڵی روداوی ئاگركەوتنەوەكە بكەن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەپێی سكاڵای ئەو دەزگایانە بۆ سەنتەری میترۆ، سوكایەتی بە تیمی میدیایی كەناڵی ئێن ئاڕتی ( هێرش قادر، محەمەد ئیسماعیل)، تۆڕی میدیایی ئێستا (دیاری حسێن، رێبین عەلی)، دەزگای ستاندار (دیاكۆ حسێن)، ئاژانسی ئەنادۆڵۆ( هێمن حسێن، ئیحسان محەمەد)، وێستگە نیوز(شاهین فواد، ئەحمەد شاخەوان)، بوار نیوز (نەبەز رەشاد، ئیدریس جەرجیس) كراوە."

سەنتەری میترۆ جەختی كردۆتەوە كە "رێگری هێزە ئەمنییەكان و سوكایەتی و دورخستنەوەی كەناڵەكانی میدیا لە شوێنی روداوەكە پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنوسانە لە روماڵكردن كە یاسای رۆژنامەگەری ئەو مافەی پێداون."

میترۆ سەركۆنەی هەمو جۆرە رێگری و سوكایەتییەك دەكات بەرامبەر بە دەزگاكانی میدیا و داواشی لە وەزیری ناوخۆ كردوە لێپرسینەوە بەرامبەر یاساشكێنی ئەو هێزانە بكات و رێوشوێنی پێویست بگرێتە بەر بۆ دوبارە نەبونەوەیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×