هاوسەرە هۆڵەندییەکەی "فوئاد حسێن" کۆچی دوایی کرد
  2024-04-09       1366       
کارۆلینا مۆنتیسۆری و فوئاد حسێن

ئا: ئاوێنە

 

کارۆلینا مۆنتیسۆری تەمەن ٦٩ ساڵ، هاوسەرە هۆڵەندییەکەی فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق‌و جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆچی دوایی کرد. وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ئەو بنەماڵەیە کرد.

 

کارۆلینا لە ٢٣ی ئایاری ١٩٥٥ لەدایکبووە، نەوەی دکتۆر ماریا مۆنتیسۆری، دامەزرێنەری سیستمی مۆنتیسۆری بۆ پەروەردەو فێرکردن بوو، ماریای داپیرە گەورەی کارۆلینا بەخێوکەرو ڕاهێنەرو فەیلەسوف‌و یەکەم ژن بووە لەبواری پزیشکیداو قوتابخانەیەکی تایبەتی کردووەتەوە بۆ ئەو منداڵانەی لەڕووی عەقڵییەوە دواکەوتوو بوون‌و ئێستا سیستەمە فێرکارییەکەی لەسەرتاسەری جیهاندا پەیڕەو دەکرێ‌و سوودی لێوەردەگیرێ بۆ منداڵان. کارۆلینا کە سەر بەیەکێک لەخێزانە دێرینەکانی ئەوروپا بووە، لەسەر هەمان رێچکەی داپیرەی رۆشت‌و لەبواری پەروەردە‌و فێرکردندا چالاک بوو.

 

کارۆلینا ساڵی ٢٠١٨ زۆری نەمابوو ببێتە خانمی یەکەمی عێراق، بەڵام هاوسەرەکەی "فوئاد حسێن" لەکێبڕکێی سەرۆکایەتی عێراق سەرنەکەوت‌و دواتر وەک وەزیری دارایی سوێندی یاسایی خوارد. فوئاد حسێن لەساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا (١٩٧٥) وەک پەنابەرێکی سیاسی کورد روویکردە هۆڵەنداو کاتێک هەردووکیان تەمەنیان لەبیست ساڵیدا بوو، کارۆلینا مۆنتیسۆری ناسی، لەهۆڵەنداش چالاکی بۆ پارتە سیاسییە کوردییەکان کردوە  دژ بەڕژێمی سەدام حوسێن.

 

دوای ڕوخانی سەدام حوسێن لەساڵی 2003، فوئاد حوسێنی هاوسەری پۆستێکی گرنگی لەحکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەولێر پێدراو هەروەها پۆستی گرنگی لەحکومەتی عێراقیشدا هەبوو. کارۆلینا لەگەڵ دوو کچەکەی لەهۆڵەندا دەژیان، فوئاد حسێنیش لەعێراق مایەوە.

 

بینای کچی دەڵێت "ئێمە وەک خێزان ئەو بڕیارەمان دا. ئێمە دەمانزانی ئەمە شتێکە کە بەدرێژایی ژیانی کاری بۆ کردووە. ئێمە لەگەڵ باوکێک گەورە بووین کە بۆ مافی کورد خەباتی دەکرد، بۆیە بەهەموو شێوەیەک پشتگیریمان دەکرد".

 

دەشڵێت "فوئاد حسێن جار جار دەهاتەوە بۆ ‌هۆڵەنداو هەموو ئێوارەیەکیش پەیوەندی پێوە دەکردین، لەڕێگەی تەلەفۆنەوە یارمەتی دەداین لەهەر کارێکدا ئەگەر پێویست بووبێت".

 

کارۆلینا مۆنتیسۆری لەکاتژمێرەکانی سەرەتای رۆژی یەکشەممە ٧ی نیسان کۆچی دوایی کرد، فیلیپ مۆنتیسۆری، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مۆنتیسۆری لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی "کەسێکی ناوازەمان لەدەستدا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×