عەبدوڵڵای کوڕی محەمەد مورسی بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کرد
  2019-09-05       939       

کوڕە گەورەی محەمەد مورسی، ئەحمەد مورسی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا کە براکەی عەبدوڵڵا محەمەد مورسی، کوڕی سەرۆککۆماری پێشووی میسر بەهۆی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە.

ئاوێنه‌: لای خۆیەوە پارێزەری خێزانی مورسی، عەبدولمونعیم عەبدولمەقسود هەواڵی کۆچی دوایی کردنی عەبدوڵڵا مورسی پشتڕاستکردەوە.

محەمەد مورسی، سەرۆککۆماری پێشووی میسر کە بە شێوەیەکی ناڕەواو بە کودەتا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، مانگی حوزەیرانی رابردوو لە هۆڵی دادگا لە ئەنجامی جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی کردبوو.

محەمەد مورسی لەگەڵ خانمێک بەناوی نەجلا مەحمود هاوسەرگیری کردووە و پێنج منداڵیان هەبوو بەناوەکانی ئەحمەد، شەیما، ئوسامە، عومەر و عەبدوڵڵا.

هێزە ئەمنییەکانی میسر لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا هەڵیانکووتابوویە سەر ماڵی خێزانی مورسی لە ناوچەی شێخ زاید رۆژئاوای شاری قاهیرەی پایتەخت و عەبدوڵڵا-یان دەستگیرکردبوو، بەڵام دواتر هەمان رۆژ ئازاد کرا.

عەبدوڵڵا و هاوڕێیەکی بەناوی محەمەد عیماد عەبدولموئمین لە مانگی ئاداری ٢٠١٤دا و لە خاڵێکی پشکنیندا ئۆتۆمبێلەکەیان رادەوەستێنن و بەبیانووی دۆزینەوەی ماددەی هۆشبەر دەستگیردەکرێن و دواتر دادگای سزای بەنها، سزای یەک ساڵ زیندانی و ١٠ هەزار جونەیهی میسری بەسەردا دەسەپێنێت.

عەبدوڵڵا مورسی لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠١٥ ئازاد دەکرێت، خێزانی مورسی ئاماژەیان بەوەدا کە کوڕەکانیان ماددەی هۆشبەر بەکارناهێنن، هاوکات ئاماژە بەوە کرابوو کە ئەو دەستگیرکردنە سیاسییە.

عەبدوڵڵا مورسی دوای لەدەستدانی باوکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەدابوو کە عەبدولفەتاح سیسی و بەرپرسانی دیکەی میسر باوکی ئەویان کوشتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×