هەفتەی داهاتو بەغدا موچەی مانگی نیسان رەوانەی هەرێم دەكات
  2024-04-26       478       

چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتو بەغدا موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات و دەست بە دابەشكردنی موچە بكرێت.

ئاوێنە: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە میدیای رەسمی گۆڕانی وتوە، بەهۆی دواكەوتنی دابەشكردنی موچە لە عێراق بۆ چەند رۆژێك، رەوانەكردنی پارە بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكەوێتە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتو.

سەرچاوەكە ئەوەشی خستۆتەڕو، عێراق نزیكەی شەش ملیۆن فەرمانبەری هەیە و دابەشكردنی موچە پێویستی بە (10) رۆژە، دوای كۆتاییهاتن بە دابەشكردنی موچە، لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتو بە دو گوژمە پارە بۆ موچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەكرێت.

سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاندوە، لەگەڵ هاتنی پارەکە راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنی موچە دەکەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 21ی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی عێراق دەستیكرد بە دابەشكردنی موچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران، كە ئاسایی لە مانگەكانی رابردودا لە 17 و 18ی مانگ دەستی بە دابەشكردنی موچە كردوە.

دوابەدوای ئەوە وەزارەتی دارایی ئابوریی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتی، رۆژی یەکشەممە 21/4/2024، لیستی موچەی مانگی نیسانی سەرجەم فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی کرا.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 24ی نیسان رایگەیاند، هیچ كێشەیەك لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستاندا نییەو لە بەغداش هیچ كێشەیەك لەوبارەیەوە باس نەكراوەو موچەی مانگی نیسان دەنێردرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×