وەزارەتی كارەبا: لە 24 سەعاتی داهاتودا وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دەكەونەوە كار
  2024-05-01       103       

وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، لە دوێنێوە هەناردەی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆرەوە بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دەستیپێكردۆتەوەو بەوەش لە 24 سەعاتی داهاتودا هەر سێ وێستگەی هەولێرو سلێمانی و بازیان دەكەونەوە كار.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمشەو چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێکردەوەو پەستانی گاز بۆ وێستگەکان بەرزبوەتەوەو بڕی 270 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کۆی 520 ملیۆن پێ سێجای پێویست گەیشتوەتە وێستگەکان و دەکاتە نیوەی توانای وێستگەکان. 

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە 24 کاتژمێری داهاتودا هەر سێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان دەکەونە کار.

شەوی رابردو وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆڕ دەستی پێکردوەتەوەو لەماوەیەکی نزیکدا دۆخی کارەباش دەچێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی.

دوابەدوای ئەوەش هەر شەوی رابردو وەزارەتی كارەبا لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند بەرهەمهێنانی غازی سروشتی لە کێڵگەی کۆڕمۆر دەستیپێکردۆتەوە، وەزارەتی کارەبا لە چاوەڕوانی هەناردەکردنی غازی سروشتیدایە بۆ وێستگەکانی غازی کارەبا، تاوەکو لە ماوەیەکی نزیکدا ئیش بە یەکە غازییەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکرێتەوەو بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە.

ئێوارەی رۆژی هەینی 27ی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار هاوڵاتی بیانی گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكی دیكەش برینداربون و بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە راگیراو ئەوەش بوە مایەی كەمبونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×