رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
  2024-04-27       680       

تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)ی ئەمەریكی هۆشداری دەدات سەبارەت بە لەدەستدانی %75ی خاکی پارێزگای دهۆک و ئاوارەبونی 190 خێزانی گوندەکانی سنوری چیای گارە لە ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە.

ئاوێنە: کامەران عوسمان، بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPTی ئەمەریکی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"چاوەڕوان دەکرێت ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای تورکیا لەسەر چیای گارە بێت، کە درێژی چیاکە 38.9 کیلۆمەترە و ئۆپەراسیۆنەکە بەقوڵایی زیاتر لە 22 کیلۆمەتر دەبێت لە ناو خاکی هەرێمی کوردستاندا."

وتوشیەتی"ئێمە هۆشداری دەدەین کە لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنە نزیکەی 39 گوند لە دەوروبەری گارە بەتەواوی چۆڵ ببن و 190 خانەوادە کە خێزانی گوند نشین و جوتیارن لە دەوروبەری چیای گارەن بە تەواوی گوندەکانیان چۆڵ بکەن و ئاوارە ببن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لە ئەگەری گرتنی چیای گارە بە تەواوەتی شیلادزێ و دێرەلوک و ئامێدی بە تەواوەتی ئابلۆقە دەدرێن، وە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتیان لەو ناوچانە نەمێنێت، بە تەنها لە سەدا 25ی خاکی پارێزگای دهۆک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا دەمێنیت، ئەوەی تر دەکەوێتە ژێر ڕکێفی سوپای سەربازی تورکیا."

چیای گارا لەلای تورکیا، ناوچەیەکی ستراتیژی بە بەهایەیە، بە شوێنی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا دادەنرێت و هەردو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

تورکیا بە فەرمی 64 بارەگای سەربازی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، کە دەکەونە ناوچەکانی سیدەکان لە قەزای سۆران، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە بەرواری باڵا لە قەزای ئامێدی، حەفتانین و دەرکار حەجەم لە زاخۆ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×