وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ئیدانە دەكات
  2024-04-27       170       
كۆرمۆر لەدوای هێرشەكە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئیدانەی هێرشەكەی سەر کۆرمۆر دەكات و دەڵێت، "هێرشی لەم جۆرە بەزاندنی سەروەریی عێراقە".

ئاوێنە: وه‌زاره‌ته‌كه‌ لە راگەیەندراوێكدا وتی"ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشی سەر ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستانی دەکات. هێرشی لەم جۆرە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقه‌، هەر بۆیە هانی دەسەڵاتداران دەدەین لێکۆڵینەوە بکەن و هێرشەکەرەکان روبەڕوی یاسا و دادگا بکەنەوە".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی هێرشەکە كردوەو هیوای زو چاکبونەوەشی بۆ بریندارەکان خواستوە.

هاوكات جەختیشی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی كردۆتەوە کە بەردەوام دەبێت لە کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم بۆ ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئێوارەی رۆژی هەینی 26ـی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار کارمەند کوژران کە خەڵکی یەمەنن بە ناوەکانی:

- عەلی عەبود ئەحمەد لەدایکبوی 1978.

- یوسف یاسر حەمود لەدایکبوی 1986.

- عیسام محەمەد ئەحمەد لەدایکبوی 1983.

 عەوەز عەبدە عەلی لەدایکبوی 1986 .

هەر دوای هێرشەکە، هەردو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×