پڕۆفیسۆر دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسوڵ كۆچی دوایی كرد
  2019-10-03       3780       

ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی تشرینی یەكەمی 2019، پرۆفیسۆر د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ لەتەمەنی 85 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

عیزەدین کوڕی مەلا مستەفای سەفوەت کوڕی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژەیە.

ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایک بوە.

حاجی مەلا ڕەسوڵ کە دەکاتە باپیری یەکێک بوە لە زانا ئاینیەکانی سەردەمی حکومەتی خواروی کوردستان و لەلایەن مەلیک و کاربەدەستانەوە گوێی لێ گیراوە.

عیزەدین لە لای باوکی لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە خوێندویەتی، پاشان ساڵی 1939 وەک گوێگر لە قوتابخانەی غازی وەرگیراوە.

لەسەر پێشنیاری مستەفای سەفوەت لە بەغدا دەچێتە كۆلێژی شەریعە بەڵام بەهۆی تێكەڵبونی بەكاری سیاسییەوە لەساڵی یەكەمدا لە كۆلێژەكە دەردەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.
مستەفای سەفوەت پێی وتوە: بۆ درێژەدان بە خوێندن بچۆ بۆ بەغدا و لە کۆلێژی شەریعە بخوێنە، هەم خوێندنێکی ئەکادیمیە، هەم مەلایەتییەکەشت دەمێنێتەوە.

دواتر لە ساڵی 1951 لە خانەی مامۆستایان لە بەغدا وەرگیراوە، ساڵی 1952 بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵە بوە لە شاری بەغدا، بریندار بوە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداریکردنی لە راپەڕینەکەداو دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.

دواتر لە ڕێی چەند کەسێکەوە باوکی کردویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی کاری سیاسییەوە گوازراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچوغە، لەوێش بە کاری سیاسییەوە خەریک بوە، دوبارە گواستویانەتەوە بۆ سلێمانی.

بەڵام لەبەر خراپی موتەسەریفی سلێمانی عیزەدین هەڵهاتوە بۆ شام و عیراقی بەجێهێشتوە، دوبارە لە کۆلێژی ئاداب لە شام درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلی 2-3ی بەشی عەرەبیی ئادابی تەواو کردوە، هەتا شۆڕشی 14 تەموزی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێهەمی خانەی مامۆستایان دانراوە. پاشان تەواوی کردوە و هەر لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کە یەکەم ساڵ بوە پێکهێنراوە دامەزرێنراوە.

لەوسەردەمەدا عەبدولکەریم قاسم کەوتە ناردنی خوێندکار بۆ سۆڤیەت لەسەر ئەرکی دەوڵەت. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵیش یەکێکبوە لەو خوێندکارانەی چوەتە سۆڤیەت.

دوای تەواوکردنی زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چوەتە باکۆ، 24/6/1963 پلەی دکتورای وەرگرتوە.

ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چوەتە شاخ و بوە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق، بەڵام دوای ساڵێک مانەوە لە بارەگای بارزانی، 26/12/1966 بە هەوڵێکی مەلا مستەفای بارزانی بوەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێنراوە.

ساڵی 1979 چوەتەوە بۆ مۆسکۆ، درێژە بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری وەرگرتوە.

لە ساڵی 1992 بوە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی باشوری کوردستان لەسەر لیستی ی. ن. ک.

عیزەدین مستەفا یەکێکە لە دامەزرێنەکانی یەکێتیی نوسەرانی کورد، یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنی بە قەڵەمی عیزەدین نوسراوە. دەستەی دامەزرێن 11 کەس بون. ساڵی 1969 مۆڵەتیان وەرگرتوە و جەمال بابان کراوە بە سەرۆکی دەستەی دامەزرێن. بەڵام دوای گەڕانەوەی نوسەرانی شاخ پاش بەیاننامەی 11ی ئازار، ئەم دەستەیە هەڵوەشێندراوەتەوە و لە بەغدا هەڵبژاردن کراوە، د. عیزەدین بە کۆی 63 دەنگ بوەتە سەرۆکی یەکێتیی نوسەرانی کورد.

ساڵی 1974دا لە هەولێر کۆنگرە گیراوە، لەم کۆنگرەیەدا سەیدا ساڵح یوسفی بوەتە سەرۆک و د. عیزەدین جێگری بوە.نزیکەی (90) کتێبی لە بوارەکانی ئەدب و زمان و بوارە جۆراو جۆرەکانی دیکە نوسیوە و یەکێک بوە لە قەڵەمە دیارەکانی ناو رۆژنامەگەریی کوردی و چەندین گۆشە و ستونی رۆژانە و هەفتانەی لە زۆربەی رۆژنامەکاندا نوسیوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×