روسیا هێزی زیاتر رەوانەی باكوری سوریا دەكات
  2019-11-01       534       

ئاژانسی سپوتنیك-ی روسی بڵاویكردەوە، روسیا هێزێكی زیاتری رەوانەی باكوری سوریا كردوە كە پێكدێت لە 300 سەرباز 20 ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی دیكە.

ئاوێنە: ئاژانسەكە، ئەمڕۆ هەینی، رایگەیاندوە، كاروانێكی دیكەی هێزی سەربازی روسیا كە پێكدێت لە 300 سەربازو 20 زرێپۆش رەوانەی باكوری سوریا كراون بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزەكانی توركیا دەوریەی ئەمنی لەناوچەكە ئەنجام بدەن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێزەكانی روسیا لەگەڵ توركیا بڕیارە لە لانیكەم 10 شارۆچكەی باكوری سوریا دەوریەی هاوبەش ئەنجام بدەن و بۆ ئەوە پۆلیسی سەربازی روسیا دەستی بە ئامادەكارییەكان كردوە.

بەپێی ئەو ئاژانسە روسییە، درێژایی رێڕەوی دەورییە هاوبەشەكان لەگەڵ توركیا 150 بۆ 160 كیلۆمەتر دەبێت و دەبێت لەماوەی پێنج سەعاتدا ئەو ماوەیە ببڕدرێت.

رۆژی چوارشەممە ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاندبو، رۆژی هەینی دەست دەكەن بە ئەنجامدانی دەوریەی هاوبەش لەگەڵ روسیا.

ئاژانسی رۆیتەزر لەزاری سەرچاوەیەكی سەربازی توركیاوە رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی هێزەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هێزەكانی روسیا دەستیان كردوە بە ئەنجامدانی دەوریەی هاوبەش لە باكوری سوریا.

ئەنكەرەو مۆسكۆ رۆژی 22ی ئەم مانگە لە هاوینەهەواری سوچی لە روسیا رێككەوتن لەسەر ئەنجامدانی دەوریەی هاوبەش لە ناوچەكە بەپێی رێككەوتنێك كە لەنێوان سەرۆكی هەردو وڵاتدا ئیمزاكرا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×