ئاسایشی رۆژئاوا دەڵێت: لە تەقینەوەكانی قامیشلۆدا پێنج كەس شەهیدو 26 كەس بریندار بون
  2019-11-11       558       
یەكێك لەبریندارانی تەقینەوەكان لە نەخۆشخانەیەكی قامیشلۆ

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژئاوای كوردستان) ئاشكرایكرد، لەئەنجامی دو تەقینەوەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی قامیشلۆدا پێنج هاوڵاتی مەدەنی شەهیدو 26 كەسیش برینداربون كە چوار لەوانە لەهێزەكانی ئێمەن.

 ئاوێنە: كەمێك لەمەوبەر ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەكی سەبارەت بە تەقینەوەكانی ئێوارەی ئەمڕۆی قامیشلۆ بڵاوكردەوە.

لە بەیاننامەكەدا هاتوە"ئەمڕۆ دوشەممە 11ی تشرینی دوەم، شاری قامیشلۆ كرایە ئامانجی دو تەقینەوەی تیرۆریستی (ئۆتۆمبێلێكی تاكسی لەجۆری مارسیدس و ماتۆڕسكیلێك) لەگەڵ تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی دیكە لەئەنجامی ئاگرگرتن و بەركەوتنی پارچەی ئۆتۆمبێلی یەكەم كە لەنزیك شوێنی تەقینەوەكە راگیرابو."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تەقینەوەكان لەبەردەم قاوەخانەی "شموع" و بەردەم كەنیسەی كلدانییەكان رویانداوەو لەئاكامدا پێنج هاوڵاتی مەدەنی كوژراون و 26 كەسی دیكەش برینداربون كە چوار لەوانە سەربە هێزەكانی ئاسایشن.

ئەوەش لەكاتێكدایە میدیا ناوخۆییەكانی رۆژئاوای كوردستان باس لە شەهیدبونی شەش كەس و برینداربونی 42 كەسی دیكە دەكەن كە سیان لەوانە بەهۆی سەختی برینەكانیانەوە رەوانەی باشوری كوردستان كراون.

بەیاننامەكەی ئاسایش جەختیشی كردۆتەوە كە ئامانج لەو تەقینەوانە كە بەپلەی یەكەم هاوڵاتیانی مەدەنی دەكەنە ئامانج، دروستكردنی نائارامییە لە ناو شارو شارۆچكەكانداو هەروەك ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی كە هێزەكانمان سەرقاڵی بەرگریكردن دژبە دەستدرێژییەكانی توركیاو میلیشیا هاوپەیمانەكانی.

وتوشیەتی"ئەوەش دەرفەت بۆ سەرهەڵدانەوەی شانە نوستوەكانی لایەنە تیرۆریستییە جیاجیاكان كە لەلایەن توركیاوە پشتیوانی دەكرێن، دەڕەخسێنێت. "

جەختیشی كردۆتەوە كە هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە ئەركەكانیان بەهەمو رێگەیەك بۆ پوچەڵكردنەوەی هەر كارێكی تیرۆریستی كە ئامانج لێی لێدانە لە ئاسایش و دروستكردنی ترس لە لای هاوڵاتیان.

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×