دووبارە بڕیاری دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد ئاڵتان دەرچوو
  2019-11-13       693       
ئەحمەد ئاڵتان نووسەر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی تورکیا، دوای مانەوەی بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لە زینداندا دواجار هەفتەی ڕابردوو ئازاد کرا، بەڵام ئازادییەکەی زۆری نەخایاند و دوای تەنها ٧ ڕۆژ سەرلەنوێ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچووەوە.

ئاوێنه‌: فیگەن چالیکوشو پارێزەری ئەحمەد ئاڵتان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بڕیارەکە لە بەرچاوی ئەودا نووسراوە بەڵام نوسخەی بڕیارەکەی پێ نەدراوە و دواتر لە ماڵپەری ڕۆژنامەی سەباحەوە هەواڵەکەی بینیوە، و ڕایگەیاند ''ئەو دۆسییەیە بۆ ماوەی سێ ساڵە کاری لەسەر دەکرێت بەڵام لە ئێستادا لە لایەن دادگایەکەوە کە دوێنێ دەستی بە کار کردووە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو کە ئەوەش پێشێلکردنی یاسایە''.

شایانی باسە ئەحمەد ئاڵتان دوای ئەوەی سزای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا بە کەفالەت تا کاتی یەکلابوونەوەی دۆسییەکەی ئازاد کرا، بەڵام لە لایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتی دادگای کۆماری ئەستەمبوڵەوە تانە لەو بڕیارەی دادگا درا. دواتر تانەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی لە لایەن دادگاوە پەسەندکرا و بەو هۆیەوە دادگا بڕیاریدا بڕیاری ئازادکردنەکەی ئەحمەد ئاڵتان هەڵبوەشێنێتەوە و سەرلەنوێ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەربکاتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×