وەزیرى خوێندنى باڵا: خانمان 52%ی رێژەی خوێندكاران و ٣٥%ى مامۆستایان پێكدەهێنن
  2019-12-02       905       

ئارام محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زاستى هەرێمی كوردستان رایگەیاند، کچان ڕێژەى (٥٢%)ى خوێندکارانی قۆناغی بەکالۆریۆس پێکدەهێنن، لە نێو مامۆستایانیشدا ڕێژەى خانمان (٣٥%)ە. و لە نێو سەرکردە ئەکادیمیەکانیشدا ژنان ڕێژەی (٨%) یان هەیە."

ئاوێنە: ئەو وتانەی ئارام محەمەد، ئەمڕۆ دوشەممە، لەمیانی گفتوگۆیەكی كراوەدا بەناونیشانی "خوێندنی جێندەر لەزانكۆكانی كوردستان" هات كە لەچوارچێوەی هەڵمەتى بەرەنگاربونەوەى توندوتیژى دژبە ژناندا بەڕێوەچو.

ئارام محەمەد لەوتەیەكدا وتى، پرسی جێندەر یەکێکە لە پرسە گرنگ و هەستیارەکانی کۆمەڵگەکەمان، کە بەداخەوە  کۆمەڵگەی ئێمەو کلتورەکەشى بەدەر نین لە تێڕوانینى هەڵەو لێکدانەوەى نازانستى و تەنانەت زۆر جاریش بە کەم بینین و کەمکردنەوە لە تواناو لێهاتویەکانى خانمان، بۆ ئەوەش ڕایگەیاند: ئێمە دەبێت لە ڕوی ئابوری و پەروەردەیی و کلتورییەوە زەمینەی بەشداری ڕاستەقینەی خانمان برەخسێنین.

ئارام محەمەد وتیشى: وەک وەزارەتی خوێندنی باڵا لە هەنگاوەکانی یەکەمماندا لەسەر ئاستی وەزارەت لیژنەی تایبەتمان بۆ پرسی یەکسانی جێندەرى پێکهێناوە، هەروەها لەهەمو زانکۆکانی کوردستان سێنتەری  جێندەرناسیمان دامەزراندوە، ڕونیشىکردەوە کە هەرچەندە پرسی خوێندنی بابەتی جێندەر لە زانکۆکانی کوردستان هەنگاوێکی ئەرێنی و پڕبایەخە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەمان لە پێشچاو بێت کە بەهاو نۆرم و بنەماکانی یەکسانی جێندەر دەبێت بەوردی لە تەواوی سیستمی پەروەردەیی و پێداگۆجی هەرێمەکەماندا ڕەنگبداتەوە.

وتیشى"کۆمەڵێک ئاماژەی پۆزەتیڤ هەن دەربارەی ڕۆڵ و ئامادەیی خانمان لەکەرتى خوێندنى باڵا، بۆ نمونە کچان ڕێژەى (٥٢%)ى خوێندکارانی قۆناغی بەکالۆریۆس پێکدەهێنن، لە نێو مامۆستایانیشدا ڕێژەى خانمان (٣٥%)ە. و لە نێو سەرکردە ئەکادیمیەکانیشدا ژنان ڕێژەی (٨%) یان هەیە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×