بەهۆی ھێرشێکی داعش لە گەرمیان پێنج پێشمەرگە شەھید و بریندار بون
  2019-12-05       1376       

ئا: ئاوێنە

 

سەر لەئێوارەی چوارشەممە چەکدارانی داعش، ھێرشیان کردە سەر فەوجێکی لیوای سێی پیادەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسنووری کوڵەجۆ (میحوەری گەرمیان) و بەھۆیەوە سێ پێشمەرگە شەھیدبوون و دووانی تریش برینداربوون.



بەپێی زانیاریایەکان، ئێوارەی چوارشەممە ژمارەیەک چەکداری داعش کە ژمارەیان نەزانراوە بە قەناس لە دوو قۆڵەوە ھێرشیان کردۆتە سەر فەوجێکی لیوای سێی پیادەی ھێزی پێشمەرگە لەسنووری کوڵەجۆ (میحوەری گەرمیان) و بەھۆیەوە سێ پێشمەرگە لەشوێنی رووداوەکە شەھید دەبن.

دوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی ھێرشەکە، تیمی ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی و فەوجێکی تری لیوای سێی پیادەی ھێزی پێشمەرگە دەگەنە شوێنی ھێرشەکە و وەڵامی تیرۆریستانی داعش دەدەنەوە.

پاش رووبەرووبوونەوەیەکی زۆر چڕی ھێزەکانی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش، سوپای عێراق لە قۆڵی خانەقینەوە بەرەو شوێنی ھێرشەکە دەچن و ھێزەکانی حەشدی شەعبیش لە قۆڵێکی ترەوە بە دۆشکە ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بۆ راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش.

لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا ٢ پێشمەرگە بریندار دەبن.
لەئێستادا  بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەھید ھەژار کراون لە کەلار.

ئەوەی زانراوە کە تەموومژێکی زۆر لە ناوچەکە ھەیە و بەو ھۆیەوە نەتوانراوە کە ھێزەکانی فریاکەوتن بە باشی کارەکانی خۆیان لەناوچەکە ئەنجامبدەن.

وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا کە شەوی رابردوو بڵاوی کردەوە، تێیدا رایگەیاندووە ھێزەکانیان ھێرشێکی چەکدارانی داعشیان لەناوچەی گەرمیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی تێکشکاندووە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ھاتووە: ''بەداخەوە، ئەمشەو تیرۆریستان و تاریکپەرستانی داعش، ھێرشیان کردە سەر فەوجێکی لیوای سێی پیادەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسنووری کوڵەجۆ (میحوەری گەرمیان)، ھەر زوو لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە وەڵامدرانەوەو بەتووندی لێیان ھاتوونەتە دەست و راونران و پەلامارەکەیان تێکشکاندووە''.

وەزارەتی پێشمەرگە دڵنیایی داوەتە ھاووڵاتیان لەوەی ھێزەکانیان لەئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی خەڵک و خاک و لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆریستان.

لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە: ''لەماوەی رابردوودا، چەندینجار ھۆشداریمان داوە لەسەر گەشەسەندن و سەرھەڵدانەوەی داعش لەچەندین ناوچەی جیاوازەوە، ئەو رووداوانەی ئێستاش پشتڕاستی ھۆشدارییەکانی ئێمەی کردەوە، کە بەرای گشتیی و ھاوپەیمانانمان دابوو''.

وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە ھاوپەیمانان دەکات، ''کۆمەک و پشتگیری و ھەماھەنگییان لەگەڵ وەزارەت و ھێزەکانی پێشمەرگە زیاتر و چڕتربکەنەوە. بۆ ئەوەی رێگە لەپەرەسەندن و تەشەنەکردنی ئەو ھێزە تیرۆریستیە بگیرێت''.

لەماوەی رابردوودا چەکدارانی داعش چەندجارێک ھێرشیان کردووەتە سەر سنووری کوڵەجۆ کە شارەدێیەکە لە خوارووی کەلار لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بەو ھۆیەوە چەند کارمەندێکی ئاسایش و پێشمەرگە شه‌هید بریندار بوون.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×