وەزیری بەرگری ئەمریكا: رەفتارەكانی توركیا رەفتاری شەریكێكی متمانەپێكراو نین
  2019-12-14       825       

مارك ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، رەفتارەكانی توركیا رەفتاری شەریكێكی متمانەپێكراو نین. لەگەڵ ئەوەش جەختی كردەوە كە واشنتۆن خوازیارە ئەنكەرە لەو ئاڕاستە سیاسییە بگێڕێتەوە كە لەگەڵ ئاڕاستەی سیاسی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا ناگونجێت.

ئاوێنە: بەپێی ئاژانسی هەواڵی "تاس"ی روسی، مارك ئیسپەر، دوێنێ هەینی، لە بەردەم ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەنیویۆرك، لەوەڵامی پرسیارێك كە ئایا ئەنكەرە "هاوبەشێكی متمانەپێكراو"ی ئەمریكایە، رایگەیاند، رەفتارەكانی توركیا، "رەفتاری شەریك نین" بەڵكو بە ئاڕاستەیەكی پێچەوانەی ئاڕاستەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هەنگاو دەنێت.

وتیشی"توركەكان كۆسپیان لەبەردەم پلانەكان لەچوارچێوەی ناتۆدا گرت و چونە ناو سوریا، كە ئەوەش شتێكە پێموانییە سودمەند بێت."

لەگەڵ ئەوەش ئیسپەر رایگەیاند، گرنگترین شت لەم بارودۆخەدا بەردەوامی هەردولایە لەسەر تاوتوێكردنی ئەو بوارانەی كە تێیدا پێكەوە دەسازێن و هەروەها باشكردنی پەیوەندییەكان. ئەوەشی خستەڕو كە پێیوایە پەیوەندییە باشەكانی نێوان سەركردە سەربازییەكانی هەردو وڵات دەرچەیەكی نوێیە بۆ تاوتوێكردنی "رێگای گەڕاندنەوەی توركیا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×