حه‌سه‌ن روحانی‌: پێویسته‌ مافه‌كانی‌ كورد له‌سوریا له‌به‌رچاو بگیرێت
  2019-02-15       1264       
حه‌سه‌ن روحانی‌ سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی‌ ئێران

حه‌سه‌ن روحانی‌ سه‌رۆك كۆماری ئیسلامی‌ ئێران به‌پێویستی‌ ده‌زانێت كه‌ ماف‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردانی سوریا له‌به‌رچاو بگیرێت. ناوبراو ده‌ڵێت، كورد بەشێکی دانەبڕاوی‌ گەلی سوریان.

ئاوێنه‌: له‌وتارێكدا كه‌ له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ "لوتكه‌ی‌ سوچی‌" له‌روسیا پێشكه‌شیكرد، روحانی‌ رایگه‌یاند، پێویستە دەسەڵاتی حکومەتی سوریا لەناوچەکانی باكوری‌ سوریاو رۆژهه‌ڵاتی‌ فورات وەک ناوچەکانی دیکەی سوریا سەقامگیر بکرێ. ئەوه‌ش بەلەبەرچاوگرتنی مافەکانی هەمو خەڵکی ئەو ناوچانه‌ ده‌بێت، له‌نێویشیاندا کوردەکان  کە ساڵانێكی‌ دورو درێژه‌ لەو ناوچەیە ژیاون‌و بەشێکی دانەبڕاوی‌ گەلی سوریان.

روحانی‌ جه‌ختیشی‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌گه‌ری‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ سوریا بۆ ناوچه‌كانی‌ باكوری‌ سوریاو رۆژهه‌ڵاتی‌ فورات، پێویسته‌ مافی‌ كورد له‌ناوچه‌كه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت.

سه‌رۆك كۆماری‌ ئێران باسی‌ له‌پرسی‌ كشانه‌وه‌ی‌ سوپای‌ ئه‌مریكا كرد له‌سوریاو وتی‌، دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته‌، ده‌ستوه‌ردانه‌كانی واشنتن به‌رده‌وام ده‌بن. 

سه‌باره‌ت به‌نیگه‌رانییه‌كانی‌ توركیا له‌باره‌ی‌ ره‌وشی‌ ئێستای‌ باكوری‌ سوریاو رۆژهه‌ڵاتی‌ فورات، روحانی‌ وتی‌، هه‌ڵبەت دەبێ نیگەرانییەکانی تورکیاش لەبەرچاو بگیرێن، "ئێمە لەنیگەرانییەکانیان تێدەگەین، بەڵام پێمانوایە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی سوریاو جێگیربونی هێزەکانی حکومەت لەسنورە نێودەوڵەتییەکان باشترین رێگایە بۆ رەواندنەوەی ئەم نیگەرانییانە.

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌، به‌ئاماده‌بونی‌ ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیاو حەسەن روحانی سەرکۆماری ئێران، بۆ جاری‌ چوارەم كۆبونه‌وه‌ی‌ "لوتكه‌ی‌ سوچی‌" له‌روسیا تایبه‌ت به‌دۆخی‌ سوریا ئه‌نجامدرا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×