كۆنگرەی یەكێتی: جڵەوی سەركردایەتی كەوتە دەست لێپرسراوە ئەمنییەكان‌و كۆمپانیای نۆكان
  2019-12-25       4979       

ئا: ئاوێنە

بەپێی جیاكردنەوەی دەنگەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، جڵەوی سەركردایەتی دەكەوێتە دەست لێپرسراوە ئەمنی‌و فرماندە سەربازییەكان‌و كۆمپانیای نۆكان، واتە ئەوانەی خاوەنی هێزو پارەن.

بەپێی ئەنجامە راگەیاندراوەكان، لەئێستا بەدواوە سێ‌ توێژ بەسەر یەكێتیدا باڵادەست دەبن: ئەمن، عەسكەر، بزنس. رێژەیەكی بەرچاو لەوانەی دەرچون‌و كەسایەتی كاریگەر دەبن لەداڕشتنی سیاسەتی قۆناغی داهاتوی یەكێتیدا،  لێپرسراوانی ئەمنی‌و سەربازی‌و كۆمپانیای نۆكان دەبن.

 

15 كەس لەسەركردایەتی نوێ‌ بریتین لەلێپرسراوانی ئەمنی
چەندین بەڕێوەبەر‌و ئەفسەری ئاسایش‌و لێپرسراوی ئاژانسی زانیاری‌و دژە تیرۆر‌و فەرماندەی سەربازیی لەجیاكردنەوەی دەنگەكاندا لەریزی پێشەوەی ئەو كاندیدانەن خۆیان بۆ ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی پاڵاوتوە.
بەپێی زانیارییەكانی ئاوێنە لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی ئاژانسی پاراستن‌و زانیاریی هەرێمی كوردستان لەبازنەی كەركوك زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە‌و لەپلەی یەكەمدایە، بەڕێوەبەری گشتی ئاسایش (وەستا حەسەن) لەبازنەی سلێمانی لەریزی پێشەوەدایە. هەروەها بەڕێوەبەری ئاژانسی زانیاری لەسەر بازنەی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەركوك، بەڕێوەبەری ئاژانسی زانیاری كەركوك، لەگەرمیانیش بەهەمانشێوە چەندین بەرپرسی سەر بەدەزگا ئەمنییەكان دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی، كە زیاتر لە15 كەس دەبن‌و پلەو پۆستی حكومیان هەیە.

 

جوت براكانی سەركردایەتی نوێی یەكێتی
بۆ یەكەمجار لەمێژوی یەكێتیدا ئەو جوت برایانە دەچنە سەركردایەتییەوە كە لەقۆناغی داهاتودا رۆڵێكی كارا لەئاڕاستە كردنی سیاسەتی ئەم حیزبەدا دەبینن: دو كوڕ لەماڵی شێخ جەنگی (ئاراس شێخ جەنگی‌و لاهور شێخ جەنگی)، دو كوڕ لەماڵی مام جەلال (بافڵ تاڵەبانی‌و قوباد تاڵەبانی)، دو كوڕ لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ (شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ‌و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ).
ئەمە دیاردەیەكی نوێیە لەناو ئەم حیزبەدا، كە دەرەنجامی ئەو واقیعەیە چەند ساڵێكە یەكێتی نیشتمانی كوردستانی تێكەوتوەو دەسەڵات‌و هێزو پێگەو نفوزی باوكەكان بەمیرات بۆ كوڕەكانیان یان برازاو كەسە نزیكەكانیان بەجێدەهێڵن.
ئەم واقیعە نوێیە پێشبینی ئەوەی لێدەكرێت كە لەسایەی ئەم سەركردایەتییەدا قۆناغێكی ململانێی نوێ‌ لەناو یەكێتیدا سەرهەڵبدات كە ئەم سێ‌ ماڵە جەمسەرە بەهێزەكانی دەبن.

 

لاهور زۆرترین دەنگی هێناو لەپێش بافل تاڵەبانییەوەیە
لەجیاکردنەوەی دەنگەکاندا بۆ ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی بەهێزترین کێبڕکێ لەبازنەی کەرکوکدایە کە بافل تاڵەبانی‌و لاهور شێخ جەنگی خۆیان لەو بازنەیەدا پاڵاوتوە، بافل لەپێشەوەیەو بە بەدەستهێنانی ٩٠٢ دەنگ براوەی یەکەمی چوارهەین کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
بازنەی کەرکوک کە گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی‌و بڕیارە ٢٩ کەس ببنە ئەندامی ئەنجومەنە ١٢١ کەسییەکەی سەرکردایەتی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی لەریزی پێشەوەدایەو بەپلەی یەکەم دێت، لەدوای ئەویش بافڵ تاڵەبانییە.
بردنەوەی لاهور شێخ جەنگی بەزۆرینەی دەنگ ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆک-ی یەکێتی یاخود جێگری سەرۆک بپاڵێوێت، کە جگە لەوەی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لەنێو ئەم سەركردایەتییە نوێیەدا، بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتیش سەر بەلاهور شێخ جەنگین. كە ئەمەش ناوبراو باڵادەست دەكات بۆ لەدیاریكردنی ئەو كۆمیتەی راپەڕاندنەدا كە وا بڕیارە (هاوشێوەی مەكتەبی سیاسی پێشوو) پێكبهێنرێت‌و لاهور دەتوانێت پاڵێوراوەكانی خۆی دەربچێنێت بۆ ئەو كۆمیتەیە كە لێپرسراوانی دامودەزگا گرنگەكانی یەكێتی لەهەمو ئاستەكاندا دیاریدەكات.


كاندیدەكانی كۆمپانیای نۆكان سەرکەوتن

بەپێی ئەنجامی جیاكردنەوەی دەنگەكانی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی لەچوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی، دوو لێپرسراوی كۆمپانیای نۆكان براوەی سەرەكی بازنەی سلێمانین.
لێپرسراوی ژمێریاری مەكتەبی دارایی (سالاری ئیدارەی گشتی) زۆرینەی دەنگی لەبازنەی سلێمانیدا لەنێو پاڵێوراوەكاندا بەدەستهێناوە، بەڕێوەبەری ژمێریاری كۆمپانیای نۆكان-یش (شوانەی نۆكان) بەهەمانشێوە.
پێشبینی دەكرێت شێخ ئەحمەدی نۆكان-یش لەسەر ئاستی بازنەی شارەزور زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت‌و پەروین بابەكریش لەسەر ئاستی بازنەی راپەڕین بەهەمانشێوە كە پاڵێوراوی كۆمپانیای نۆكانن.
هاوكات جەزای سەید مەجیدی برای دلێری سەید مەجیدی لێپرسراوی كۆمپانیای نۆكان یەكێكە لەدەرچوەكان بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەشێك لەمانەی دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی هیچ كاتێك لەناو دامودەزگای حزبیدا ئیشیان نەكردوە‌و قۆناغی پلەبەندییان لەناو رێكخستنی یەكێتیدا نەبڕیوە، تەنها لەو كۆمپانیایەدا كاریان كردوە‌و لەم كۆنگرەیەدا دەنگێكی زۆریان بەدەستهێناوەو ئەمەش یەكێكە لەئەنجامە پێشبینی نەكراوەكان، كە پێش زیاتر لە 110 پاڵێوراوی كەوتون، زۆربەیان كادێری باڵا‌و ئەندامی مەكتەب‌و جێگری مەكتەب‌و پێشمەرگەی دێرینی مەڵبەندی سلێمانین‌و ساڵانێكی زۆرە بێ‌ دابڕان لەگەڵ یەكێتین‌و كەسایەتی رۆشنبیر‌و نوسەرو خوێندەواریان تیایە بەڵام دەرنەچون، تەنانەت كادێرەكانی مەڵبەندی سلێمانی بە 15 كەسیان هێندەی شوانەی نۆكان دەنگیان نەهێناوە.

 

هاوپەیمانی لاهورو شاڵاوو سێكوچكەی كەركوك‌و دلێری سەید مەجید
بەشێك لەبەشداربوانی چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی پێشبینی ئەوە دەكەن كە جۆرێك لەهاوپەیمانی رانەگەیەندراو لەنێوان لاهور شێخ جەنگی‌و شاڵاوی كۆسرەت رەسول‌و دلێری سەید مەجیدو سێكوچكەی كەركوك دروستكراوە بۆیە وەك براوەی چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی دەردەكەون‌و ویستویانە کۆنگرە بەبێ کێشەو لێکترازان کۆتایی پێبێت‌و زۆربەی هەرە زۆری جەمسەرە کاریگەرەکان رازی بکات.
ئەن بەشداربوانە ئاماژە بەوە دەكەن كە زۆربەی ئەوانەی لەڕیزی پێشەوەدان‌و زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە سەر بەلیستێكن بەهەماهەنگی لەنێوان لاهور شێخ جەنگیو شاڵاوی كۆسرەت رەسوڵ‌و دلێری سەید مەجید (كۆمپانیای نۆكان)و سێ كوچكەی كەركوك (ئاسۆ ئەڵمانی + رزگار عەلی + رەفعەت عەبدوڵا) پێكهێنراوە‌و پشتگیریی كراون.

 

لەهەفتەی رابردودا دەیان داوەتی گەورە كراوە
لەچەند رۆژی بەر لەسازكردنی چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی‌و لەكاتی كۆنگرەكەشدا پارەیەكی زۆر لەداوەتكردنی بەشداربوانی كۆنگرەكەدا خەرج كراوە.
بەشێك لەپاڵێوراوەكان‌و ئەوانەی لەپشت پاڵێوراوەكانەوەن دەیان داوەتی گەورەی نان خواردن‌و خواردنەوەیان كردوە لەریستۆرانتەكانی وایت پلاس لەبەرزاییەكانی سلێمانی‌و داواو تایتانیك‌و ئەبو سەنا‌و لەباخەكانی سیتەك‌و مێرگەپان.
بەپێی زانیارییەكانی ئاوێنە پاڵێوراو هەبوە لەڕۆژێكدا سێ‌ جار داوەتی گەورەی كردوە‌و دەنگۆی ئەوە هەیە پارەیەكی زۆر سەرف كراوە لەپێناو سەرخستنی ئەم پاڵێوراوانەدا.

 

كۆنگرە كارتەكانی یەكێتی تێكەڵ دەكاتەوە
بەدەستهێنانی دەنگ‌و دەركەوتنی پێگەو سەنگی دەرچوە نوێكانی سەركردایەتی یەكێتی، هاوكێشەو كارت‌و جەمسەرەكانی یەكێتی سەرلەنوێ‌ دادەڕێژێتەوە، كە پێدەچێت ئەو ناكۆكییانەی هێشتا لەنێو جەمسەرە كاریگەرەكاندا دەرنەكەوتن سەرهەڵبدات.
لاهور‌و ئاراس شێخ جەنگی برای براوەی سەرەكی چوارهەمین كۆنگرەی یەكێتی بون.
كۆسرەت رەسوڵ لەبری خۆی دو كوڕەكەی (شاڵاوو دەرباز)ی هێنایە پێشەوە.
بەرهەم ساڵح كرایە ئامانج‌و جگە لەوەی خۆی بەتەزكیە چوە سەركردایەتییەوە، تاک و تەرا نەبێ زۆربەی هەرە زۆریی ئەو پاڵێوراوانەی لەسەر ئەو حساب دەكران، دەنگی كەمیان هێناو دەرنەچون.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×