دوای هەڵهاتنیان لەخانەوادەكەیان، دو كچی سعودی لەهۆنگ كۆنگ خۆیان حەشاردەدەن
  2019-02-22       793       
فڕۆكەخانەی هۆنگ كۆنگ

پارێزەرێك رایدەیگەیەنێت، دو خوشكی سعودی كە لەسریلانكا لەخانەوادەكەیان هەڵهاتون و ویستویانە بەرەو ئوسترالیا بڕۆن، لەلایەن دیپلۆماتكارانی سعودیەوە لەفڕۆكەخانەی هۆنگ كۆنگ رێگریان لێكراوە، بەڵام توانیویانە بچنە ئەو شارەوەو لەوێ خۆیان حەشارداوە.

ئاوێنە: ئاشكرابونی ئەو روداوە دوای مانگێك لە هەڵهاتنی رەهف قەنون، كچە سعودی لە خانەوادەكەی دێت كە بوە سەردێڕی هەواڵە جیهانییەكان دوای ئەوەی لەئۆتێلێكی یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی بانكۆك خۆی حەپس كرد تا رادەستی خانەوادەكەی نەكرێتەوە.

ئەو كچە سعودیانە هەڵهاتنیان بە هەڵهاتن لە سەركوتكردن لە وڵاتەكەیان ناودەبەن.

مایكڵ فیدلەر، پارێزەری ئەو دو خوشكە سعودیە، رۆژی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند"ئەو دو كچە گەنجە ئازاو زیرەكە خۆیان حەشارداوەو لەترس و دڵەڕاوكێ و نەبونی چارەسەریی یاساییدا لە هۆنگ كۆنگ دەژین، نازانن چارەنوسیان چی بۆ هەڵگرتون."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەو دو خوشكە هیوای ئەوەیان هەیە كە بەزویی بگەنە شوێنێكی ئارام لە وڵاتی سێیەم.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەو دو خوشكە كە لەئیسلام هەڵگەڕاونەتەوە، لەمانگی ئەیلولی ساڵی 2018دا دوای ئەوەی لەگەشتێكی خێزانەكەیاندا لە سریلانكا هەڵهاتون، تكتی گەشتێكیان بۆ ئوسترالیا بڕیوە.

بەپێی قسەی پارێزەرەكەیان، بەرپرسانی دپلۆماتكاری سعودی، لە فڕۆكەخانەی هۆنگ كۆنگ، رێگەیان لەو دو خوشكە كە یەكێكیان 18 ساڵان و ئەویدیكەیان 20 ساڵانە گرتوە بۆ درێژەدان بە گەشتەكەیان بەرەو ئوسترالیا، بەڵام دو خوشكەكە توانیویانە هەڵبێن و بچنە ناو هۆنگ كۆنگ وەك دو گەشتیار.

مایكڵ فیدلەر، لەبەیاننامەكەدا ناسنامەی ئەو دو خوشكە سعودییەی ئاشكرانەكردوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×