ئێران پێشبینی دەكات لەئایندەیەكی نزیكدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ سعودیەو ئیمارات رو لە باشی بكەن
  2020-01-19       1283       

حسێن ئەمیر عەبدوڵڵهیان، یاریدەدەری تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری نێودەوڵەتی دەڵێت، دوای كوژرانی قاسم سولەیمانی، ناوچەكە كەشوهەوایەكی خۆشی بۆ ئەمریكییەكان نابێت. پێشبینیش دەكات لەبەر رۆشنایی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئەمریكا، لە ئایندیەكی نزیكدا پەیوەندییەكانی تاران لەگەڵ سعودیەو ئیماراتدا رو لە باشی بكەن.

ئاوێنە: بەپێی میدیاكانی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵهیان ئەمڕۆ یەكشەممە، سەبارەت لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە رەهەندە سیاسی و ستراتیژییەكانی لێكەوتەكانی كوژرانی قاسم سولەیمانی رایگەیاندوە، ئیسرائیل و ئەمریكا ئامانجیان لە ناوچەكەدا نانەوەی پشێوی و بێ حكومەتكردنی وڵاتانی ناوچەكەیە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەمریكییەكان پشتیوانی لە هەڵوەشاندنەوەی وڵاتانی ناوچەكە دەكەن و وتوشیەتی: پلانی هەڵوەشاندنەوەی ناوچەكە لەلایەن ئەمریكییەكانەوە لەهەنگاوی یەكەمدا عێراق و سوریا، لە هەنگاوی دوەمدا توركیاو سعودیە، لەهەنگاوی سێیەمیشدا ئێران و میسر لەخۆدەگرێت و پلانێكە داڕێژراوەو تا چەند لۆبی ئیسرائیلییەكان سەركەوتو بێت لەوەی ئەمریكییەكان بەتەواوی هاوڕای خۆیان بكەن پەیوەندی بەو یارییەوە هەیە كە ئێمەو هاوپەیمانەكانمان لەمڕوەوە پێشكەشی بكەین.

ئاماژەی بەوەشداوە كە كوشتنی قاسم سولەیمانی بە ئامانجی نیشاندانی هێزی شەخسی ترەمپ و تیمەكەی چواردەوری و هەروەها لە ئاستێكی باڵاتردا بە ئامانجی نیشاندانی هێزی ئەمریكا بو و وتوشیەتی"ئەگەر بە نیشاندانی هێز وەڵاممان نەدایەتەوە، هاوكێشەی هێز دەگۆڕدرا."

یاریدەردەی تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران جەختیشی كردۆتەوە كە "ناوچەكە لەدوای كوشتنی قاسم سولەیمانی كەشوهەوایەكی خۆشی بۆ ئەمریكییەكان نابێت."

هەروەها وتوشیەتی"بەهۆی ئەو روداوانەی ئەم دواییەوە كە لەنێوان ئێمەو ئەمریكادا رویاندا كە خۆی لە خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی و هێرش بۆ سەر بنكەی ئاسمانی عەین ئەسەد و ئەو هاوسەنگییە نوێیەی كە هاتە ئاراوە، فەرمانڕەزایانی ئیمارات و سعودیەی توشی شۆك كردو هۆشی وەبەرهێناوە. لە ئایندەیەكی نزیكدا نەك دور، دۆخی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان ئەم دو وڵاتەو ئێران، باشتر دەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×