فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: به‌فه‌رمی پێمان راگەیەندرا كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ هاوسه‌رۆكی رازییه‌
  2020-02-20       2659       

ئاوێنە، دەنگی ئەمەریکا

 


فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت "له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به‌فه‌رمی پێیان راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ رازییه‌ به‌ سیستمی هاوسه‌رۆكی بۆ یه‌كێتی، یا هه‌ردوكیان یا یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانیشی پۆستێكی باڵا وه‌رده‌گرێت".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای راگه‌یاندووه‌ "له‌ رۆژی ده‌نگدان له‌سه‌ر هاوسه‌رۆك له‌ناو هۆڵی كۆبونه‌وه‌ له‌كۆی 94 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی 93 یان ده‌نگیان دا واته‌ زیاتر له‌ رێژه‌ی یاسایی كه‌ ده‌نگی 63 ئه‌ندامی پێویست بوو، به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ دیاربوو هه‌ندێك كه‌س هه‌بوون تێڕوانینی جیاوازییان هه‌بوو ئه‌مه‌ ئه‌وكاته‌ وابوو به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌وه‌شمان چاره‌سه‌ركردووه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌".

ده‌رباره‌ی پێشنیازی دیاریكردنی دوو هاوسه‌رۆك بۆ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ بۆ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو بژارده‌كانمان له‌به‌رده‌مدا بوو به‌ڵام ئه‌م بژارده‌یه‌مان به‌گونجاوترین زانی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی".

سه‌باره‌ت به‌و ره‌خنانه‌ی له‌ حزبه‌كه‌ی ده‌گیرێت كه‌ یه‌كێتی بۆته‌ حزبی بنه‌ماڵه‌یی، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ره‌تیكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ دروست نیه‌ بوترێت یه‌كێتی بۆته‌ حزبی بنه‌ماڵه‌ ڕاسته‌ هه‌ردوو هاوسه‌رۆكه‌كه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانین، به‌ڵام هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوكیان له‌م كاته‌دا بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌كۆنگره‌ ده‌نگی یه‌كه‌می هێنا ئه‌وی تریان ده‌نگی دووه‌م".

هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتنی هاوسه‌رۆكه‌كان و كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی كه‌باسی لێوه‌ده‌كرێت، ئه‌سه‌سه‌رد وتی: "نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی له‌كۆبونه‌وه‌داین، هۆیه‌كه‌شی دیاری نه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی كه‌ بڕیاربوو دوای كۆنگره‌ دانیشتن بكرێت و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان دیاری بكرێت له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌وه‌ ده‌ست ده‌كه‌ینه‌وه‌ به كۆبونه‌وه‌كان له‌و باره‌یه‌وه‌، هۆكاری دووه‌میش په‌یوه‌ندی به‌هه‌ندێك له‌په‌یوه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتیه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ دوێنێ بناغه‌یه‌كمان له‌و رووه‌وه‌ دانا".

له‌باره‌ی بۆچونی هه‌ریه‌كه‌ له‌كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و به‌رهه‌م ساڵح له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كێتی له‌لایه‌ن دوو هاوسه‌رۆكه‌وه‌، فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت: "له‌كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كاك بافڵ تاڵه‌بانی پێی راگه‌یاندین كه‌ به‌رهه‌م ساڵح ته‌له‌فۆنی بۆ كردووه‌ و پیرۆزبایی لێكردووه‌، كاك لاهوڕ-یش خۆی له‌به‌غداده‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌، كاك به‌رهه‌م به‌ڵێنی داوه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانی و به‌شداری كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بكات وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ پێشتر هه‌بوبێت ئه‌وا له‌ئێستادا كێشه‌ نه‌ماوه‌".

ئه‌سه‌سه‌رد روونیكرده‌وه‌: "له‌پێشتردا كێشه‌ی ئه‌وه‌ هه‌بوو كه‌ به‌رهه‌م ساڵح ئومێدی هه‌بوو خۆی كاندید بكات به‌ڵام هه‌ندێك هه‌لومه‌رجی هه‌بوو بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌و پێی باشبوو یه‌ك سه‌رۆك هه‌بێت له‌گه‌ڵ دوو جێگر به‌ڵام ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی هاوسه‌رۆكی په‌سه‌ندكرد، به‌ڵام ئه‌و مه‌رجانه‌ نه‌هاتنه‌ دی بۆیه‌ چوینه‌ سه‌ر بژارده‌ی دووه‌م كه‌ هاوسه‌رۆكی بوو".

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌وه‌شی وت: "به‌فه‌رمی پێمان راگه‌یه‌نرا كه‌ كاك كۆسره‌ت رازییه‌ به‌ هاوسه‌رۆكی له‌ناو یه‌كێتیدا و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ ئێستا ئێمه‌ باس له‌بابه‌تی تر ده‌كه‌ین".

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌وترێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی به‌ مه‌رجی پێدانی پۆست به‌یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی رازییه‌ به‌ پۆستی هاوسه‌رۆكی؟ فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ده‌ڵێت: "كوڕه‌كانی كاك كۆسره‌ت هه‌ردوكیان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تین مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ پۆستی سه‌ركرده‌یی وه‌ربگرن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ یا هه‌ردوكیان یا یه‌كێكیان پۆستی سه‌ركرده‌یی باڵا وه‌رده‌گرێت".


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×