ئێران گیانلەدەستدانی دو توشبوی دیكەی ڤایرۆسی كۆرۆنای راگەیاند
  2020-02-21       808       

وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، ئاشكرایكرد، 13 حاڵەتی نوێی توشبون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوڵات تۆماركراون و دو كەسی دیكەش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گیانیان لەدەستداوە بەوەش ژمارەی قوربانیانی ڤایرۆسەكە گەیشتە چوار كەس.

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی رەسمی ئێران(ئیرنا)، ئەمڕۆ لەزاری كیانوش جەهانپور، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەكان و راگەیاندن لە وەزارەتی تەندروستی ئێران رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبونەوەی ترس لەنێو خەڵكدا سەبارەت بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماوەی چەند رۆژی رابردودا، هەزاران كەس رویان لە نەخۆشخانەو ناوەندە تەندروستییەكان كردوە، زیاتر لە 735 حاڵەت، بەهۆی نزیكی نیشانەكانیان لەگەڵ نیشانەكانی ڤایرۆسەكە خرانەژێر چاودێری.

هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لەنێو ئەو كەسانەدا، بەپێی پشكنینەكان یەكلابوەوە كە 13 كەسیان توشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنان.

بەقسەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ئەو توشبوە نوێیانە ڤایرۆسەكە زۆربەیان خەڵكی شاری قوم-ن و دەركەوتوە ئەوانی دیكەش لەم رۆژ و هەفتانەی دواییدا سەردانی قوم-یان كردوە.

ئاشكراشیكرد كە لەنێو 13 كەسەكەدا، حەوت كەسیان خەڵكی قوم، چوار كەسیشیان خەڵكی تاران و دو حاڵەتی دیكەشیان خەڵكی پارێزگای گەیلانن.

وتیشی، لەو 13 حاڵەتە نوێیەی توشبون بە ڤایرۆسەكە دو كەسیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە دو حاڵەتی دیكە لە شاری بابل هەن كە گومانی توشبون بە ڤایرۆسەكەیان لێدەكرێت كە ئەوانیش دەركەوتوە پێشتر سەردانی شاری قوم-یان كردوە بەڵام هێشتا ئەنجامی پشكنینەكانیان یەكلانەبۆتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی پێنجشەممە، سەعید نمەكی، وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاندبو، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە دو كەس گیانیان لەدەستداوەو پێنج كەسی حاڵەتی توشبونیش تۆماركراون.

بەوپێیە لەگەڵ ئامارەكانی ئەمڕۆدا، ژمارەی ئەوانەی تا ئێستا لە ئێران بەهۆی ڤیایرۆسی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتۆتە چوار كەس و ژمارەی ئەوانەشی توشی ڤایرۆسەكە بون گەیشتۆتە 18 كەس.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×