روسیا: توركیا پشتیوانی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلب دەكات بۆ هێرشكردنە سەر سوپای سوریا
  2020-02-27       845       

ناوەندی بەرژەوەندی روسیا لەسوریا سەربە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە رایگەیاند، توركیا بەردەوامە لە پێشێلكردنی رێككەوتنی سوچی، بە پشتیوانیكردنی چەكدارانی ئۆپۆزسیۆن لە ئیدلب بۆ هێرشكردنە سەر هێزەكانی حكومەتی سوریا.

ئاوێنە: ناوەندی بەرژەوەندی روسیا لە سوریا، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هێزەكانی توركیا تۆپ و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاردەهێنن بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بۆردومانكردنی پێگەكانی سوپای سوریا لە ئیدلب.

ناوەندە روسییەكە ئەوەشی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی سوچی ناوبردوەو وتوشیەتی، توركیا بەردەوامە لە پشتیوانیكردنی گروپە چەكدارەكانی سوریا.

هەرەوەها بەیاننامەكە ئاشكرایكردوە كە رۆژی 25ی ئەم مانگە، هێزەكانی بەرگری ئاسمانی سوریا، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی سوپای توركیایان لە ئیدلب خستۆتەخوارەوە كە پێشێلی سنوری سوریای كردوەو ئامادەكاریی كردوە بۆ وەشاندنی گورز لە پێگەكانی سوپای سوریا.

پێشتر هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا كۆنترۆڵكردنەوەی شاری ستراتیژیی "سەراقیب"یان لە ئیدلب راگەیاند بەڵام لەلایەن سەرچاوە سەربازییەكانی روسیا ئەو هەواڵەیان رەتكردبوەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ لەدوای گەڕی سێیەمی گفتوگۆكانی نێوان سوریاو توركیا لە ئەنكەرە، وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند، لەمیانی گفتوگۆكاندا سەبارەت بە ئیدلب، ئەنكەرە سوربونی خۆی لەسەر راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و جێبەجێكردنی رێككەوتنی سوچی، نیشانداوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×